هەرچەندە لە دوای ساڵی (2003) بە دەگمەن روویداوە عێراق بە هێمنى پێشوازی لە ساڵی نوێ بکات، بەڵام بۆ حکومەت و هاوڵاتیانی عێراقیش (2020) ساڵێکی
جیاواز بوو، چونکە عێراقیەکان بەخۆپیشاندان و ناڕەزایی و سیاسیەکانیش بە کۆمەلێک قەیرانی
سیاسی وئابوریەوە ماڵئاوایان لەساڵی (2019) کرد، جیاواز لە ساڵانی رابردو کە زیاتر
قەیرانەکان ئەمنی و مرۆیی بوون.
بەردەوامی خۆپیشاندانەکان
ئەو خۆپیشاندانانەی کە لەکۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی (2019)دا بەغدا و پارێزگاکانی
باشوری عێراقی گرتەوە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2020)یشدا درێژەی پێدرا، هەرچەندە
فشاری خۆپیشاندەران عادل عەبدولمەهدی لە کورسی سەرۆک وەزیران هێنایە خوارەوە، بەڵام
لەسەر ئەرزی واقیع نەیتوانی گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە ژیانی هاوڵاتیانی عێراقدا بکات.
کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس
هەرچەندە رووداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس وەک رووداوێکی
جیهانی تەماشا دەکرێت، بەڵام بەو پێیەی رووداوەکە لەخاکی عێراقدا روویدا کاریگەری
گەورەتری لەسەرعێراق دروست کرد، پەسەندکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزە بینایەکان لە ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق و هێرشی موشەکی بەردەوام بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا لە
دیارترین لێکەوتەکانی ئەو رووداوەن بەسەر عێراقەوە.
بۆشایی سیاسی
لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (2019) لەژێر کاریگەری خۆپیشاندانەکاندا
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە،هەرچەندە لەسەرەتای
مانگی شوباتدا سەرۆک کۆماری عێراق هەریەکە لە محەمد تۆفیق عەلاوی و دواتریش لە ناوەڕاستی
مانگی ئازاردا عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت راسپارد، بەڵام هیچ
کامیان سەرکەتوو نەبوون لەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بەوەش عێراق هێندەی نەمابوو
بکەوێتە بۆشاییی سیاسیی و ئیدارییەوە.
هەڵبژاردنی مستەفا کازمی
مستەفا کازمی کە سێیەم کاندیدی راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی
عێراق بوو، بە پێچەوانەی دوو کاندیدەکەی پێش خۆی سەرکەتووبوو لە بەدەستهێنانی پشتیوانی
لایەنە سیاسیەکان و پێکهێنانی کابینەکەی لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئامادەبونی زۆربەی
سەرکردە سیاسیەکانی عێراق لە رێوڕەسمی راسپاردنیدا لەلایەن عێراقیەکانەوە وەک
ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتن لە پێکهێنانی کابینەی حکومەت لێکدرایەوە، کازمی و کابینەکەی
لەمانگی ئایاردا متمانەیان پێدرا.
قەیرانی
دارایی و نەمانی پارە
کاتێک مستەفا کازمی پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانى
قەیرانی دارایی لە عێراق، بۆیە چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی لە رێگەی گرتنهبهری
پلانی كورت مهودا و خێرا بۆ چارهسهركردنی لێكهوتهكانی قهیرانی ئابووری و دهستكردن
بهچارهسهری كورتهێنانی بودجه و هەماههنگیكردن لهگهڵ دامهزراوه نێودهوڵهتییهكان،
هاندان بۆ بەهێزکرنی بەرهەمی ناوخۆ و کەرتی تایبەت و باشترکردنی ئەدای بانکەکان، بەشێک
بوو لە کارنامەی کابینەکەی مستەفا کازمی، لەسەر ئاستی شەقامی عێراقیش ئومێدێکی زۆری
لەسەر هەڵچنرا بۆ ئەوەی قەیرانە کەڵەبوەکانی عێراق و لە نێویشیاندا قەیرانی ئابوری
چارەسەر بکات، هەرچەندە چەند رێوشوێنێکی بەو ئاڕاستەیە گرتەبەر کە دیارترینیان کۆنترۆڵکردنی
دەروازە سنورییەکان و ئامادەکردنی پڕۆژەی چاکسازی وەرەقەی سپی بوو، بەڵام تائیستا
ئەو رێکارانە بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبوە، بەپێچەوانەوە کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی
دوای دەرکردنی دوو یاسا بۆ قەرزرکردن قوڵتربوەتەوە؛ کە یەکەمیان بڕی (20) میلیار دۆلار
و دووەمیشیان (12) ترلیۆن دیناربووە، بە جۆرێک پسپۆڕانى بواری ئابوری و دارایی هۆشداریاندا لەداڕمانی
ئابوری عێراق.
هەڵبژاردنی
پێشوەخت
کارکردن بۆئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێک بووە لەئەرکەکانی کابینەکەی
مستەفا کازمی، بۆیە بەماوەیەکی کەم لە دوای دەستبەکاربونی، مانگی حوەزیرانی ساڵی
(2021) بۆ ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە دیاری کرد، بەوەش بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی
(2003) عێراقییەکان ئەزمونی هەڵبژاردنی پێشوەخت تاقی دەکەنەوە.
بەردەوامی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
ئەوقەیرانە ئابوریەی کە لەساڵی (2020) بەرۆکی عێراقی گرت، پێشتر ئاماژەکانی
لەهەرێمی کوردستان دەرکەوتن و کاریگەری زیاتری لەسەر هەرێمی کوردستان دروست کرد، بەوپێەی
حکومەتی هەرێم بۆ موچەی فەرمانبەران پشت بەو پارەیە دەبەستێت کە لەحکومەتی ناوەندەوە
رەوانە دەکرێت، ئەوەش بوە سەرەتای گەڕێکی تری ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، پەسەندکردنی
یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی داراییش بەبێ کورد ئاستی ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و
حکومەتی ناوەندی بەرزکردەوە، بەڵام دواتر لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە ئاڕاستەی
کاردانەوەکانیان بەرامبەر بەغدا لە لێدوانی توندەوە گۆڕی بۆدیالۆگ و هەوڵدان بۆ رێککەوتن
و راگەیاندنی پابەندبوون بەو یاسایە و شاندێکیشی بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی بەغدا
کرد، بەڵام تا ئێستا نە دەرئەنجامی دانوستانەکانی ئەوشاندە و نە ئاسۆی رێککەوتنی
حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ناکۆکیانەی کە چەند
ساڵیکە بەردەوامن، دیار نین.
456 جار خوێندراوەتەوە