پەرلەمانتارێکى عێراق: (320) ملیار دینارەکەى هەرێم نەبڕدراوە

KNN : Kurdish News Network
02:44 - 12/11/2020
عێراق
+
-

ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایدەگەیەنێت، هیچ بڕیارێک بۆ بڕینى (320) ملیار دینارەکەى هەرێم نەدراوە و تەنها داواکراوە هەرێمى کوردستان پابەند بێت بەو مەرجانەى بۆ رادەستکردنى نەوت لەگەڵ حکومەتى عێراق لەسەرى رێککەوتون.

گاطع رکابى پەرلەمانتارى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا و ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) رایگەیاند، ماوەى دوو هەفتەیە لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق داوا لە فراکسیۆنە کوردیەکان دەکات گفتوگۆ لەبارەى ئەو بڕگە و ماددانەى پڕۆژە یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایى بکەن کە پەیوەندى بە بەشە بودجەى هەرێمى کوردستانەوە هەیە، بەڵام تا کۆبونەوەکەى شەوى رابردوى ئەنجومەنى نوێنەران؛ وەڵامى لیژنەکە نەدراوەتەوە.

دەشڵێت: پێشنیارى لیژنەى دارایى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئەوەبووە، حکومەتى عێراق بڕى (320) ملیار دینارى مانگانە بنێرێت بۆ هەرێمى کوردستان تا کۆتایى ساڵى (2020) بەو مەرجەى کە هەرێم پابەندبێت بە رێککەوتنى ناردنى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق و هەروەها رادەستکردنى داهاتە نا نەوتیەکانى هەرێمى کوردستان".

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکراى دەکات، شەوى رابردوو دواى دوو هەفتە چاوەڕوانى، پەرلەمانتارە کوردەکان داوایان کردوە دوو کاتژمێر مۆڵەتیان پێبدرێت و ئاماژەیان بەوە کردوە "وەفدێک لە هەولێرەوە سەردانى بەغدا دەکات و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەن"، بەڵام زۆرینەى پەرلەمانتاران ئەو داوایەى ئەندامانى کوردیان رەتکردوەتەوە، بەو هۆیەوە پەرلەمنتارانى کورد بەشدارى کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیان نەکردوە.

گاطع رکابى ئاماژەى بەوەکرد، بڕى (320) ملیار دینارەکەى هەرێمى کوردستان کە پشکى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمە نەبڕدراوە، بەڵکو داواکراوە حکومەتى هەرێم پابەندبونى بە رێککەوتنەکەى لەگەڵ حکومەتى عێراق بخاتە بوارى جێبەجێ کردنەوە و نەوت و داهاتە نانەوتیەکان رادەستى حکومەتى عێراق بکات، کە ئەمە رێککەوتنە بنچینەییەکەى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراقە و هەر لایەنێک پابەند نەبێت، جێبەجێ نەکردنى رێککەوتنەکەى دەکەوێتە ئەستۆ.

3101 جار خوێندراوەتەوە