سەردانكردنی كەناری دەریا و ڕووبەرە ئاوییەكان لەئیسپانیا،
وەك چارەسەر بۆ توشبووانی كۆرۆنا بەكاردەهێنرێت، لەئێستاشدا چەند پسپۆڕێكی ئەو وڵاتە
سەرقاڵی دەرخستنی كاریگەری چونە سەر كەنار دەریان لەسەر نەخۆشانی كۆڤید 19.
لە ئەزمونێكی نوێ و تاڕادەیەك سەیردا گروپێك پسپۆڕی نەخۆشخانەی
دیل مار لە كەناراوەكانی شاری بەرشلۆنەی ئیسپانیا سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەیەكن
لەسەر ئەوەی تا چەند ئەو گەشتانەی بە نەخۆشەكانی دەكەن بۆ سەر كەنار دەریا و مانەوەیان
لەبەردەم تیشكی خۆردا، كاریگەری دەبێت لەسەر باشبونی دۆخی تەندروستیان و بەهێزكردنی
بەرگریان بەرامبەر كۆرۆنا.
لە یەكێك لە ئەزمونەكاندا پزیشكێك و سێ پەرستیار نەخۆشێكیان
بەناوی فرانسیسكۆ بردۆتە بەر خۆری كەنار دەریا، كە ماوەی دوو مانگە لەژێر چاودێری
ورددایە و هەر بە قەڵەوێرە و كەرەستە پزیشكی و ئامێری هەناسەدانەكەوە براوەتە شوێنەكە.
فرانسیسكۆ لەبەردەم خۆردا بۆ ماوەیەك چاوی داخستووە و زۆرترین
تیشكی بەركەوتووە، دواتریش باسی لەوە كردووە ئەوە باشترین ڕۆژی ژیانێتی لەماوەی چەند
مانگی ڕابردوودا.
لەبارەی ئەو هەنگاوە نوێیەوە دكتۆر جودیس مارین باسی لەوە
كردووە، ئەوە بەشێكە لە كاری مرۆڤایەتی بەرامبەر ئەو كەسانەی لە بەشی چاودێری
وردن، لە دوو ساڵی ڕابردووشدا و پێش هاتنی كۆرۆنا ئەو كارە بۆ ئەو نەخۆشانە كراوە
كە لەو بەشەبوون، تا كەمێك لە كەشی دەرەوەدا هەست بە ئاسودەیی بكەن.
مارین دەڵێت: "لەگەڵ هاتنی پەتاكە لە مانگی نیساندا
و هەڵكشانی ژمارەی توشبووان لەو كارە وەستاین، لەپڕێكدا هەموو شتێك گۆڕا كەسە نزیكەكانمان
لە خۆشەویستانیان دووردەخستەوە".
بەڵام دوای ئەوەی نەخۆشخانەكە دەستی بەو كارە كردۆتەوە، بۆ
ماوەى (10) خولەك نەخۆشەكان دەباتە بەر خۆر و دیمەنی كەنار دەریا دەبینین، دۆخی تەندروستیان
زۆر باشبووە، چونكە ئەوە كاریگەری لەسەر دەرونیان هەبووە، باشبونی دۆخی دەرونیش بەشێوەیەكی
باش بەسەر دۆخی تەندروستیدا دەشكێتەوە.
پسپۆڕە ئیسپانییەكان دەیانەوێت بەشێوەیەكی زانستی بیسەلمێنن
و بزانن تا چەند ئەو گەشتكردنە و تیشكی خۆر كاریگەری لەسەر چاكبونەوەی ئەو كەسانە
هەیە كە كۆرۆنایان بەشێوەیەكی مامناوەند و قورس گرتووە.
3433 جار خوێندراوەتەوە