(20) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد

KNN : Kurdish News Network
11:01 - 30/09/2020
کوردستان
+
-

بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ تاوتوێکردنی پرسی سنەوبەرە سوتاوەکانی ریگەی سلێمانی- تاسلوجە کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، (20) ئەندامی ئەنجومەن دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد.

 
رێبوار ئەحمەد سەرۆکی فراکیسۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای (KNN) راگەیاند، کۆمەڵێک راسپاردەیان ئامادەکردووە، یەکێک لە راسپاردەکان ئەوەیە ئەو سنەبەرانەی سوتان شوێنەکەیان سەوز بکرێتەوە و بپارێزرێت، هەروەها، دارستانی شارو شارۆچکەکان سەزکردن و پاراستنیان بکرێتە سنوری شارەوانییەوە.

 

وتیشی، دوو کۆمپانیان (132) دۆنم زەوییان بە یاسایی وەبەرهێنان وەرگرتووە، کە بەپێی یاساکە شارەوانی ئەو زەوییانە دابەشدەکات، گرفتەکەش لەوەدایە ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانێت، ئەو پرۆژانە رابگیرێت و تەنیا لەدەسەلاتی پەرلەماندایە.

 

کەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی بە دیجیتاڵ مدیای (KNN ) راگەیاند، وەک (20) ئەندام یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کردووە و داوایان کردووە، شەش لایەنی پەیوەندیدار ئامادەی دانیشتنەکە بن، بەڵام ئامادە نەبوون.

 

پەیامنێری دیجیتاڵ مدیای (KNN)لە سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی ئامادە نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەسەر پرسی سوتاندنی سنەوبەرەکانی رێگای سلێمانی- تاسڵوجە، (20) ئەندامی ئەنجومەن بایکۆتی کۆبونەوەکەیان کرد.

956 جار خوێندراوەتەوە