وەزیرى پەروەردەى هەرێم رایدەگەیەنێت، خوێندن لەمساڵدا
رەهەندێکى تەندروستى هەیە، دەشڵێت: ناتوانم بەرپرسیارێتى کردنەوەى دەرگاى
قوتابخانەکان بگرمە ئەستۆ.
ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەى هەرێم لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیاى (KNN)، باسى لە بایکۆتى مامۆستایان و بژاردەى خوێندن بە شێوەى
ئەلکترۆنى کرد و وردەکارى شێوازى خوێندنەکەى خستەڕوو.
وەزیرى پەروەردەى هەرێم لە چاوپێکەوتنەکەى (KNNC)دا لەبارەى دەستپێکردنى خوێندنى
ئەمساڵ بەشێوەى ئەلکترۆنى و گرفتەکانى شێوازەکە؛ وتى: لە گوند و ناوچە
دورەدەستەکان دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەرە گشتیەکانى پارێزگاکان و بەڕێوەبەرى
پەروەردەکان دەتوانن لەو ناوچانەدا خوێندن لە ناو پۆلدابێت.
ئاماژە بەوەش کرد، ساڵى رابردوو بۆ ماوەى (11) رۆژ
سیستمى خوێندنى ئەلکترۆنى لە هەرێم تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوبوە، پارێزگاى
سلێمانیش لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بەرزترین رێژەى بەشداریکردنى ئەو سیستمى
خوێندنەى هەبوە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە.
ئالان حەمە سەعید راشیگەیاند، سەربارى ئەوەى خوێندکار
بەشێوەى ئەلکترۆنى لە ماڵەوە وانە دەخوێنێت، بەڵام هەفتانە دەبێت بچنەوە قوتابخانە
و لەگەڵ مامۆستاکاندا پێداچونەوە بەو وانانەدا بکەن کە بەشێوەى ئەلکترۆنى
خوێندویانە.
لەبارەى بایکۆتى مامۆستایان و داواکاریەکانیان بۆ پێدانى
موچە، وەزیرى پەروەردەى هەرێم وتى: هەموو مامۆستایان هەست بە بەرپرسیارێتى دۆخەکە
دەکەن، لە ئێستاشدا هیچ وەزارەتێک موچەى وەرنەگرتوە تاوەکو موچەى مامۆستایان
نەدرێت.
وەزیرى پەروەردەى هەرێم باسى لە خراپى دۆخى ئابورى هەرێم
کرد و ئاماژەى بەوەکرد، دۆخە داراییەکە گشتیە و بەپێى زانیاریەکان لە عێراقیش چەندین
رۆژە پێدانى موچە لەلایەن حکومەتى ناوەندەوە دواکەوتوە.
823 جار خوێندراوەتەوە