چیرۆكی ئەو كەسەی دەستی خۆی بڕیوە بۆ وەرگرتنی پارەی دڵنیایی، بەڵام دووجار سزا درا

KNN : Kurdish News Network
08:53 - 25/09/2020
جیهان
+
-

هاوڵاتییەكی سلۆڤینی نەیزانی ئەو هەنگاوەی بۆ بڕینی دەستی دەینێت تاوەكو پارەی دڵنیایی پێ وەربگرێت، دوو سزای بەدواوە دەبێت كە یەكێكیان نەمانی دەستی دەبێت، دووەمیشیان زیندانی كردنێتی.

 

دادگای سلۆڤینیا سزای دوو ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر یۆلیا ئەدلیزیچ كە كچێكی تەمەن تەمەن 22 ساڵ سەپاند، بەهۆی ئەوەی بە تەورێك دەستی بڕیوە، تاوەكو سودمەندبێت لەو پارەیەی لەلایەن كۆمپانیای دڵنیاییەوە پێیدەدرێت، كە بڕەكەی 450 هەزار دۆلاری ئەمریكییە، ئەمەش بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی سلۆڤینیا.

 

ئەو كەسەش كە هاوكاری كچەكەی كردووە، كوڕێكی تەمەن 30 ساڵە و سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، چونكە ئەو هەنگاوە مەترسیدارەی جێبەجێكردووە.

 

ئەدلیزیچ دەستی بەتەواوی بڕیوە تا دەگاتە مەچەكی، بۆ ئەو كارەش داوای یارمەتی لە سێ كەس كردووە و بەڵێنی داوە لەو 380 هەزار یۆرۆیە لە كۆمپانیای دڵنیاییەكە وەریدەگرێت، بڕێكیان پێبدات.

 

پۆلیسی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوەش كردووە، كۆمپانیای دڵنیاییەكە دەبوایە مانگانە سێ هەزار یۆرۆ بدایەتە كچەكە تا كۆتایی تەمەنی، ئەوەش كە بۆتە جێی سەرنجی پۆلیس ماوەیەكی كەم پێش ڕووداوەكە هاوكارەكانی یۆلیا دوای ئۆفەری تایبەتیان لە پێنج كۆمپانیای دڵنیایی دیكە كردووە.

 

كۆمپانیاكە ئەركی گواستنەوەی كچەكەی بۆ نەخۆشخانە گرتۆتە ئەستۆو پسپۆڕەكان توانیویانە چارەسەری بكەن، بەڵام تائێستا نازانرێت دەستی بەشێوەیەكی ئاسایی كاردەكات و بتوانێت كاروبارەكانی پێ ئەنجام بدات.

 

بڕی موچەی مانگانە یاخود ئەو بڕە پارەیەی كەسێك لە سلۆڤینیا دەستی دەكەوێت بەڕێژەیەكی ناوەندی هەزار دۆلاری ئەمریكییە، ئەوەش بەلای یۆلیا ئەدلیزیچ كەم بووە و هەوڵیداوە سود لە پارەی كۆمپانیای دڵنیاییەكە وەربگرێت.

1564 جار خوێندراوەتەوە