زمانی ئاماژە یەكێكە لەو زمانانەی هێما و ئاماژەی خۆی هەیە و مرۆڤ لەڕێی جوڵاندنی پەلەكانی هەروەها سەر و چەند ئەندامێكی دیكەی جەستەی قسە لەگەڵ كەسێكی نابیست دەكات و ئەو پەیامەی مەبەستیەتی پێی دەگەیەنێت.
بەهۆی گرنگی زمانی ئاماژە و زیادبونی ڕێژەی ئەو كەسانەی نابیستن، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریداوە ڕۆژێكی جیهانی تایبەت بەو زمانە دیاری بكات، 23ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بۆ یەكەمجار یادەكە كرایەوە، هۆكاری دیاریكردنی ئەو ڕێكەوتەش بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی جیهانی نابیستانەوەیە لە ساڵی 1951دا.
ئامانجەكانی دیاری كردنی ئەو ڕۆژە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاترە لەبارەی زمانی ئاماژە، هەروەها پاراستنی زیاتری مافی كەسانی نابیستە، ئەمە جگە لە بەهەند وەرگرتنی زانینی زمانەكەو ئەو خزمەتەی پێشكەشی تاكەكانی كۆمەڵگەی دەكات.
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە پێویستی دەزانێت، ئاسانكاری زیاتر بۆ زمانی ئاماژە بكرێت و كەسانێكی زیاتر فێری ببن و تەنانەت ئەگەر زانیارییەكی كەمیش بێت لەبارەیەوە بیزانن، بۆ ئەوەی لەكاتی بەركەوتن لەگەڵ كەسێكی نابیست بتوانن پێكەوە گفتوگۆ بكەن و پەیامەكانیان بە یەكتر بگەیەنن.
بەپێی ئامارەكانی یەكێتی جیهانی نابیستان، زیاتر لە 72 ملیۆن كەسی نابیست لەجیهاندا بونیان هەیە %80یان نیشتەجێی وڵاتە دواكەوتووەكانن و 300 زمانی ئاماژەی جیاواز بۆ تێگەیشتن لە كەسانی دەوروبەریان و گەیاندنی پەیامەكانیان بەكاردەهێنن.
1669 جار خوێندراوەتەوە