دیجیتاڵ میدیاى(KNN)، پڕۆژەى پشت سنەوبەرە سوتاوەکانى سلێمانى ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
11:51 - 22/09/2020
کوردستان
+
-

لەپشت سنەوبەرە سوتاوەکانى رێگاى (سلێمانى-تاسلوجە)، زەوییەک کە روبەرەکەى (132) دۆنمە، بەشێوەیەکى راستەوخۆ و بێ کێبرکێ دراوە بە دو کۆمپانیا کە نرخەکەى (5) ملیۆن دۆلارە، بەڵام کۆمپانیاکە تەنها پارەیەکى رەمزى داوە.

رێبوار ئەحمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى، بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى وت: بۆمان دەرکەوت دو کۆمپانیا بە یاساى وەبەرهێنان ئەو (132) دۆنم زەوییەیان وەرگرتوە کە لەپشت سنەوبەرە سوتێنراوەکانەوەیە.

ئاشکرایکرد، لەو شوێنە چەند پڕۆژەیەک دەکرێن کە یەکێکیان لەسەر روبەرى (132) دۆنم زەوییە و ئەوەى دیکە لەسەر روبەرى (50) دۆنم زەوى، پڕۆژەکانیش بریتین لە: کۆگاى هەمەجۆر و گەراج.



سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان باسى لەوەشکرد، ئەو زەویانە بەراستەوخۆ و بەپێى یاساى وەبەرهێنان دراون بە کۆمپانیاى  وێست کار، بەڵام ئەوە یاسایەکى خراپە بۆ پێدانى ئەو پڕۆژەیە، چونکە ئەوە پڕۆژەى ستراتیژین و دەبێت بەیاساى ژمارە (32ى ساڵى 1986) بدرایە.

ئاماژەى بەوەکرد، هەر پڕۆژەیەک لە سلێمانى ئەنجام بدرێت و بکەوێتە ناوچەیەکى ستراتیژى دەبێت رەزامەندى ئەنجومەنى پارێزگاى لەسەر بێت و پڕۆژەکەش بەپێى یاساى موزایەدات، ژمارە (32ى ساڵى 1986) بخرێتە کێبرکێوە و دەرفەت بدرێت بەهەمو کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەى زۆرترین پارە کۆبکرێتەوە، نەک بە نرخێکى رەمزى بدرێت بە کۆمپانیایەک، بەڵام ئەو پڕۆژەیە نە رەزامەندى ئەنجومەنى لەسەرە و نە خراوەتە موزایەدەوە، بۆیە دەبیت رابگیرێت.

بەپێى زانیارییەکانى ئەو لیژنە کاتیەى کە لەلایەن جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى پاریزگاى سلێمانییەوە بۆ ئەو کەیسە دروستکراوە، کۆمپانیاکە پارەیەکى رەمزى لەبەرامبەر وەرگرتنى زەوییەکەداوە، کە خەمڵێنراوە بە دو ملیۆن و نیو دینار بۆ هەر دۆنمێک، لە کاتێکدا بەهاى راستەقینەى (132) دۆنم زەوییەکە لە نێوان (4 بۆ 5) ملیۆن دۆلارە.

رێبوار ئەحمەد، جەختیکردەوە، ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کار دەکات بۆ ئەوەى ئەو پڕۆژەیە هاوشێوەى پڕۆژە ستراتییژییەکانى پێشوتر رابگیرێن، تا ئەو کاتەى دەخرێتە کێبرکێوە و زۆرترین پارە کۆدەکاتەوە و بۆ خزمەتگوزارى گەڕەکەکانى کەنەکەوە و تاسڵوجە و راپەڕین خەرج بکرێت.

سەبارەت بە هەنگاوەکانى لیژنە کاتیەکەش لە بەدواداچونەکانیان بۆ ئەو کەیسە، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى وتى: ئەمڕۆ ئەندامانى لیژنەکە و جێگرى سەرۆکى ئەنجومەن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ و قائیمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتى نەحیەى بەکرەجۆ و سەرۆکى شارەوانییەکان و ژینگەى تاسلوجە و راپەڕین کۆدەبینەوە، سەبارەت بەو پڕۆژانەى لەسەر رێگاى سلێمانى و تاسلوجە دەکرێت.

 

وێنەى (132) دۆنم زەویەکە - فۆتۆ : بڕیار نامیق

2527 جار خوێندراوەتەوە