ڕۆژی جیهانیی ئاشتی

08:56 - 21/09/2020
جیهان

ئاشتی بەو دۆخە ئارام و هێمنە دەوترێت كە دوورە لە جەنگ‌و دڵەڕاوكێ و توندوتیژی و لە سایەیدا هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەیەك یاخود قەوارەیەكی سیاسی ژیانێكی ئاسایی و دوور لە ململانێی چەكداریی دەگوزەرێنن.

 

 گرنگی ئاشتیی بۆ جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وایكردووە لە ساڵی 1981دا بەبڕیارێك نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێكخراوی ئاشتی جیهانی دابمەزرێت، بەمەبەستی كاركردن بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری زیاتر لەبارەی ئاشتی و دووركەوتنەوە لە جەنگ و ململانێكان لە تەواوی وڵاتانی جیهان بەتایبەت ئەوانەی گیرۆدەی شەڕ و ململانێ سیاسییەكان بوون.

 

دواتر ڕێكخراوەكە لە ساڵی 2001دا بڕیاریدا ڕۆژێكی تایبەت بە ئاشتی دیاری بكات، لەو ساڵەوە تا ئێستا لە 21ی ئەیلولدا یادی ڕۆژی جیهانی ئاشتی لەژێر ناونیشانێكدا دەكرێتەوە، دروشمی ئەمساڵیش بریتییە لە "بەدیهێنانی ئاشتی پێكەوە".

ئامانجی دیاریكردنی ڕۆژەكە بۆ پاراستی ئاشتیی جیهان و گەشەپێدانی پەیوەندی دۆستایەتی نێوان وڵاتانە هەروەها باشتر كردنی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیانی جیهان بەتایبەت ئەو وڵاتانەی بەدەست هەژاری و جەنگ و چەند كێشەیەكی دیكەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لە هاندان بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و كەمكردنەوەی جیاوازییەكان.

ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای دەكات، لەمساڵدا و بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە دەركەوت ئێمە دوژمنی یەكترنین، بەڵكو دوژمنی هەمووان ڤایرۆسە كە هەڕەشەیە بۆسەر تەندروستی گشتی، ئەوەش كاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی وڵاتان دەبێت.

ڕێكخراوەكە داواش دەكات لەم ڕۆژەدا هەوڵی بڵاوكردنەوەی هیوا بدرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو پەتایە و هەمووان هاوخەم و هاوكاری یەكتربن، هەروەها ڕێگری بكرێت لە بەكارهێنانی ڤایرۆسەكە وەك ئامرازێك بۆ دروستكردنی ڕق و دوبەرەكی جیاوازی لە نێوان تاكەكاندا.

هەر سەبارەت ڕۆژەكە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان باس لەوە دەكات، ئاشتیی تەنها بۆ ئەو وڵاتانە گرنگ نییە كە بەدەست جەنگ و كێشە و ململانێ سیاسی و سەربازییەكانەوە دەناڵێنن، بەڵكو زۆر گرنگە بۆ ئەو وڵاتانەش كەدۆخیان جێگیرە، بۆ ئەوەی ژیانی تاكەكانیان خۆشتربێت و ڕوبەڕووی هیچ كێشە و گرفتێك نەبنەوە، ئەوەش پێویستی بەكاركردنی بەردەوامی سەرجەم لایەنەكە، ئەمە جگە لەوەی پێویستە هۆشیاری زیاتر لەبارەی ئاشتی و مەترسییەكانی جەنگەوە  بڵاوبكرێتەوە.

هەرچی دەربارەی هەرێمی كوردستانە، بەگشتی دۆخێكی نا سەقامگیری سیاسی هەیەو ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لەبەردەم مەترسییدایە، بەدەر لەوەش كوردستان ڕوبەڕوی شەڕی ناوخۆیی و دەرەكیی بووەتەوە كە كاریگەریی لەسەر دۆخی كۆمەڵایەتی‌و ڕەوشی ژیانی خەڵك كردووە.

بۆ دەستەبەركردنی ئاشتی‌و سەقامگیریی جێگیر لە كوردستان‌و دڵنیاییدان بە خەڵك دابڕینی هێزی چەكدار لە حزب‌و كردنیانە بە هێزی نیشتمانیی لە ژێر چەتری حكومەت‌و پەیڕەو كردنی یاسا بە یەكێك لە هەنگاوە سەرەكییەكان دادەنرێت لەگەڵ گرنگی چارەسەركردنی سەرجەم كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان، ئەمە جگە لە گرنگی پاراستنی ژینگە و ڕێگری كردن لەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە كەش و ئاو و هەوادا.


133 جار خوێندراوەتەوە