ڕۆژی جیهانیی دیموكراسی

KNN : Kurdish News Network
04:06 - 15/09/2020
جیهان
+
-

دیموكراسی باشترین سیستمی حوكمڕانییە كە تائێستا مرۆڤ پێی گەیشتبێت‌و كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان پەیڕەویی دەكەن‌و پەیوەندیی نێوان گەل‌و دەسەڵات‌و شێوازی بەڕێوەبردن لەسەر بنەماكانی ئەو سیستمە دیاریی دەكەن.

 

 
وشەی دیموكراسی لە بنەڕەتدا یۆنانییە و لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، دیمۆ  بەمانای خەڵك دێت‌و كراتۆس بەمانای دەسەڵات، مەبەست لە وشەكە دەسەڵاتی خەڵك یاخود گەلە، بەشێوەیەك گەل سەرچاوەی شەرعییەت دانبێت بە سیستمی سیاسی‌و حوكمڕانان‌و گەل بتوانێت بە ئاشتییانە گۆڕانكاریی لە لوتكەی دەسەڵاتدا ئەنجامبدات لەڕێی هەڵبژاردن‌و سندوقەكانی دەنگدانەوە.

 

گرنگیی دیموكراسی وای لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە 15ی ئەیلول وەك ڕۆژی جیهانی دیموكراسی دیاری بكات، یادەكە هەر ساڵە و لەژێر ناونیشانێكدا دەكرێتەوە بۆ ئەمساڵ كۆرۆنا كاریگەری لەسەر دیموكراسی و ڕۆژەكەی هەبووە و یادەكە بە دروشمی "تیشك خستنە سەر دیموكراسی لەچوارچێوەی كۆرۆنادا" دەكرێتەوە.

ڕێكخراوەكە لەبارەی یادی ئەمساڵەوە ئاماژەی بەوە كردووە، كۆرۆنا كۆمەڵێك ئاڵەنگاری كۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی بەدوای خۆیدا هێنا لەسەر ئاستی جیهان، ئەو ڕێوشوێنانەی گیرانە بەر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسەكە دەریخست دیموكراسی و سەروەری یاسا، هەروەها پاراستن و ڕێزگرتن لە بنەما نێودەوڵەتییەكان چەند گرنگە بۆ حاڵەتی ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسەكان.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە پەیامێكیدا ئاشكرای دەكات، باشترین ڕوبەڕوبونەوە بۆ ئەم حاڵەتانە ئەوەیە كە بەشێوەیەكی خێرا و بە ڕێگای گونجاو لەگەڵ پاراستنی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسادا بێت، ئەوانەش لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا زیاتر بەردەستە.

نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی دیموكراسییەوە باس لەوە دەكات، ئازادی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ‌و ڕێكخستنی خولەكانی هەڵبژاردن بۆ دیاركردنی نوێنەرانی گەل، بە گرنگترین بنەماكانی دیموكراسی دادەنرێت و پەیڕەوكردنیان ژینگەیەكی لەبار بۆ بنیادنی وڵاتێكی دیموكرات‌و بێ كێشە دەخولقێنێت كە تاكەكانی ژیانێكی ئاسودەیان هەبێت.

لە بەشێكی وڵاتانی جیهان و بە دیاریكراوی ئەوروپا و ئەمەریكا، گرنگییەكی زۆر بە چەمكی دیموكراسی و جێبەجێكردنی لە لایەنە جیاوازەكاندا دراوە، ئەوەش بۆتە هۆی دابینكردنی ژیانێكی ئاسودەتر لە ناوچەكانی دیكەی جیهان بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتانە، بەپێچەوانەوە لەبەشێكی دیكەی وڵاتانی جیهان وشەی دیموكراسی بۆتە مۆتەكەی دەسەڵاتداران و چەندین كەس بەهۆی هەوڵەكانیان لە پێناو دیموكراسیدا سزا دەدرێن و ڕوبەڕوی گوشارو توندوتیژی دەبنەوە.

دەربارەی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە كورد خۆی حوكمی خۆی دەكات‌و دیموكراسی یەكێكە لە چەمكە بەربڵاوەكانی ناو خەڵك‌و ڕاگەیاندنەكان‌و سیاسییە دەسەڵاتدارەكان هەمیشە پڕوپاگەندەی پەیڕەوكردنی ئەو سیستمە دەكەن، بەڵام واقیع پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت‌و بنەماكانی دیموكراسی لە حكومەت‌و بەڕێوەبردندا لە هەرێمی كوردستان نابینرێن.

سەرەكیترین بنەمای دیموكراسیەت دادپەروەرییە، كە تاكەكانی كۆمەڵگای كوردی بۆ خۆیان هەست بەو بێدادییە دەكەن كە لە كۆمەڵگادایەو چۆن حزب‌و كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو حزبە دەسەڵاتدارەكان هەموو جومگەكانی ژیانیان قۆرخ كردووەو دەرفەتی یەكسانیان بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا دەستەبەر نەكردووە.

ئەوە بەدەر لە سەروەرنەبوونی یاساو پێشێلكاریی ماف‌و ئازادییەكان، كە لەكاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی مەدەنییانەی هاوڵاتیان بۆ مافەكانیان بە ڕوونی دەردەكەوێت‌و دەسەڵات زەبرو زەنگ‌و توندوتیژی بەرامبەریان ئەنجام دەدات، ئەمانەش پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسییەتن‌و لە تایبەتمەندیی سیستمە دیكتاتۆرەكانن.


619 جار خوێندراوەتەوە