سیستانى: پێویستە هەڵبژاردن لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا بەڕێوە بچێت

12:53 - 13/09/2020
عێراق

مەرجەعى شیعەکانى عێراق رایدەگەیەنێت؛ عێراق قەیرانى سیاسى و ئابورى و تەندروستى و خزمەتگوزارى هەیە، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، جینین هینس پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانى عێراق کۆبوەوە.

لەراگەیەنراوى نوسینگەى عەلى سیستانى، کە لەدواى کۆبونەوەکە بڵاوکراوەتەوە، سیستانى رایگەیاندوە: پێویستە یاساى هەڵبژاردنەکان لەبەرژەوەندى حیزبەکان نەبێت و هەڵبژاردن بتوانێت گۆڕانکارى دروست بکات.

 

باسى لەوەشکردوە، عێراق قەیرانى سیاسى، ئابورى، تەندروستى و خزمەتگوزارى هەیە، بۆیە پێویستە هەڵبژاردن لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا بەڕێوەبچێت  و بیر لە دواخستنى نەکرێتەوە، چونکە کێشەکانى عێراق قوڵتر دەکاتەوە.

هەروەک ئاماژەى بەوەشکردوە، پێویستە نێردەى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق چاودێرى هەڵبژاردن بکات.

 

لاى خۆیەوە، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە بەكگرتووەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دواى کۆبونەوەکە رایگەیاند: لەگەڵ سیستانی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە و باڵا دەستی دەوڵەت و مانەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و كردنەوەی دۆسێی گەندەڵی و دادگاییكردنی گەندەڵكاران، قسەمان کردوە.

بڕیارە (6ى حوزەیرانى 2021)، هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت و بە یاسایەکى نوێوە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن.

150 جار خوێندراوەتەوە