ئەمەریکا؛ (19) ساڵ بەسەر هێرشەكانی (11)ى سێپتەمبەردا تێدەپەڕێت

08:46 - 11/09/2020
جیهان

ئەمڕۆ (19) ساڵ بەسەر هێرشە تیرۆریستیەكانی (11)ى  سێپتێمبەری ساڵی (2001)ى سەر دوو باڵەخانە بازرگانیەكەی ئەمەریكا تێپەڕدەبێت، كە تیایدا نزیكەی سێ‌ هەزار كەس گیانیان لەدەستدا.

 

 
یادی ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، بەوپێیەی لەچوارچێوەی چەند ئاڵەنگارییەكی نوێدایە، لەنێوانیاندا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە پاش چەند مانگێكی دیكە بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەكرێت توندترین بێت لە مێژووی ئەمریكادا بەتایبەت لەنێوان هەردوو كاندیدی كۆمارییەكاندا كە دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدنە.

ڕووداوەكانی (11)ى سێپتێمبەر چەندین ڕووداوی گەورەی دیكەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێك سیاسەتی ئەمەریكا و چەندین وڵاتی دیكەی گۆڕی و چەند جەنگێكی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتێكی نوێی زانكۆی براون لە ئەمریكا، بەهۆی ڕووداوەكانی دوای (11)ى  سێپتێمبەر ساڵی (2001)، زیاتر لە (37) ملیۆن كەس لە چەند وڵاتێك ئاوارەبوون، ئەوەش لە ژمارەی ئاوارەكانی سەرجەم ئەو ڕووداوانە زیاترە كە لەسەدەی بیستەمدا ڕوویداوە، جگە لە جەنگی جیهانیی دووەم.

هاوكات یادی ئەمساڵ لەساتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادایە كە ئەمریكا زۆرترین قوربانی داوە، ئەوەش وای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە كردووە، ڤایرۆسەكە بە خراپتر لە هێرشەكان بشوبهێنێت، بەو پێیەی زیاتر لە شەش ملیۆن كەس لەو وڵاتە توشبوون و زیاتر لە (195) هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 

بەپێی ئامارەكان ژمارەی ئەو پۆلیسانەی بە نەخۆشی كۆڤید 19 مردوون، زۆر لەو ژمارەیە زیاترە كە ڕۆژی (11)ى سێپتێمبەر بونە قوربانی.

 

لەڕووی ئابوریشەوە كاریگەری كۆرۆنا لە هێرشەكان زیاتر بووە، بەتایبەت بۆ كەرتی فڕكەوانی ئەمریكا، ئەمە جگە لەوەى ڤایرۆسەكە گۆڕانكاری لەشێوازی بازرگانی و گەشتكردندا دروستكرد، هاوكات بۆ ماوەیەكی زۆر گەشتەكانی وەستاند، جیاواز لەو ماوە كەمەی بەهۆی هێرشەكانەوە گەشت وەستێنرا.

بەپێی گێڕانەوە فەرمییەكانی حكومەتی ئەمریكا، ڕۆژی سێشەممە (11)ى سێپتەمبەرى ساڵى (2001)، (19) كەس كە پەیوەندییان بە ڕێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەوە هەبووە، هەستاون بە جێبەجێكردنی پلانێكی تیرۆریستی بۆ سەر دوو تاوەری بازرگانی نێودەوڵەتی لە مانهاتن و بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا پنتاگۆن.

ئاماژەبەوەشكراوە، تیرۆریستەكان لەڕێگەی ڕفاندنی چوار فڕۆكەی بازرگانی و نەفەر هەڵگرەوە هێرشەكانیان ئەنجامداوە و سەرەتاش لەڕێگەی دوو فڕۆكەوە هەردوو تاوەرە بازرگانیەكەیان لە كاتژمێر (8:46) خولەك و (9:03) خولەكی بەیانی كردە ئامانج و دوای زیاتر لە نیو كاتژمێریش فڕۆكەیەكی دیكە خۆی كێشا بە بینای پنتاگۆندا، بەڵام فڕۆكەی چوارەم نەگەیشتە ئامانجەكەی كە بینای پنتاگۆن بوو.

لە هێرشەكانی (11)ى سێپتێمبەردا، جگە لە برینداربونی چەندین كەس و ژەهراویبون بەهۆی دوكەڵ‌ و كاریگەری ڕوخانی باڵەخانەكانەوە، هاوكات دوو هەزار و (973) كەس كوژران‌ و (24) كەسیش بێسەروشوێن بون.

288 جار خوێندراوەتەوە