وتەبیژى رێکخراوى تەندروستى جیهانى ئاشکرایدەکات، ئەو ڤاکسینانەى ئێستا
کاریان لەسەر دەکرێت، لە قۆناغى سێیەمدا کاتى زیاتریان دەوێت، بۆیە پێشبینى ناکەن
تا ناوەڕاستى ساڵى (2021) هیچ پێکوتەیەک ئامادەبێت.
مارگرێت هاريس وتەبێژى رێكخراوى تەندروستى جيهانى رایگەیاند: ڤاکسینەکان
گەیشتونەتە قۆناغى سێیەم، لەم قۆناغەشدا کاتى زیاتر پێویستە بۆ ئەوەى بزانرێت
ئاستى چارەسەرى و کاریگەرییە ئەرێنییەکانى پێکوتەکە لە چ ئاستێکە.
ئاشکراشیکرد، پێشبینى ناکەن تا ناوەڕاستى ساڵى (2021)، هیچ پێکوتە و
ڤاکسینێکى کۆرۆنا بەردەست بێت، چونکە لە قۆناغى سێیەمدا دەبێت بە تەواوەتى دڵنیابن
کە پێکوتەکە سەرکەوتوە لە چارەسەرکردن.
لە ئێستا چەندین وڵات کار کێبرکێ دەکەن لەسەر بەرهەمهێنانى ڤاکسینى کۆرۆنا،
هەریەکە لەئەمەریکا و رۆسیا و بەڕازیل و هیندستان و چین و مەکسیک و بەریتانیا، لە
ریزى ئەو وڵاتانەن کە ڤاکسینەکەیان بەرەو پێش بردوە. بەڵام دواى نۆ مانگ سەرهەڵدانى
ڤایرۆسى کۆرۆنا هیچ ڤاکسینێک بە فەرمى نەگەیشتۆتە قۆناغى کۆتایى.
894 جار خوێندراوەتەوە