هەرچەندە ڤایرۆسی كۆرۆنا
لە بڵاوبونەوە بەردەوامە، بەڵام ماوەیەكە جوڵەی فڕۆكەوانی لە جیهاندا دەستی پێكردۆتەوە،
ئەو كۆمپانیایانەش كە لەو بوارەدا كاردەكەن لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو ڕێگا چارەسەرانەدان
كە ئەگەری توشبوونی گەشتیاران بە كۆرۆنا كەمدەكەنەوە.
كۆمپانیایەكی ژاپۆنی لەهەوڵی
دروستكردنی دەرگایەكی زیرەكدایە بۆ تەوالێتی فڕۆكەكان، بێ ئەوەی دەستی كەسی بەربكەوێت
دەكرێتەوە، ئەوەش ئەگەری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە و توشكردنی گەشتیاران كەمدەكاتەوە.
هۆكاری دروستبونی بیرۆكەی
ئەو دەرگایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هۆكارێكی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا و توشكردنی كەسانی دیكە،
بەهۆی بەركەوتن و دەستدانە لەو تەن و كەلوپەلانەی ڤایرۆسەكەی لەسەرە.
كۆمپانیای ئۆل نیبۆنی
ژاپۆنی بۆ خزمەتگوزاری فڕۆكەوانی، بیرۆكەی داهێنانی ئەو دەرگا زیرەكەی لادروستبووە،
كە بێ ئەوەی دەست بدرێت لە دەسكەكەی دەرگاكە دەكرێتەوە و دادەخرێت.
دەرگاكە لەبری دەسك ئیسپرنگێكی
پێوەیە و بە پاڵێك دەكرێتەوە، كاتێك كەسێك دەچێتە ناو تەوالێتەكەشەوە دوو دوگمە هەیە
كە یەكێكیان بچوكە و دەرگاكەی پێدادەخرێت ئەو دیكەش گەورەیە و دەرگاكەی لەناوەوە پێدەكرێتەوە.
ئێستا نمونەی دەرگاكە
لە شوێنی تایبەتی كۆمپانیای (ANA) لەناو فڕۆكەخانەی هانیدا لە تۆكیۆ دانراوە و دەیانەوێت تا كۆتایی
مانگ سەرنجی ئەو كەسانە بزانن كە دەرگاكە دەبینن، ئەگەر پەسەندیش بكرێت ئەوا بەشێوەیەكی
فراوان بۆ زۆرینەی فڕۆكەكان دادەنرێت.
499 جار خوێندراوەتەوە