دەزانیت بۆچی (10%)دانیشتوانی زەوی دەستی چەپیان بۆ نوسین بەكاردەهێنن؟

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 20/08/2020
هەمەڕەنگ
+
-

بەپێی ئامارەكان 10% دانیشتوانی جیهان دەستی چەپیان بەكاردەهێنن، یاخود كورد وتەنی چەپلەرن، ئەوەش وایكردووە زاناكان بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدا بن بزانن بۆچی ئەو كەسانەی دەستی چەپیان بەكاردەهێنن.

 

 
هەرچەندە تائێستا هیچ كەسێك هۆكاری سەرەكی ئەو حاڵەتەی شینەكردۆتەوە، بەڵام كۆمەڵێك گریمانە و لێكدانەوەی جیاواز كراوە لەماوەی سەدەی ڕابروودا، ئەوانەش ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانەن كە بۆ زانینی هۆكاری بەكارهێنانی دەستی چەپ لای بەشێكی كەمی خەڵكی زەوی ئەنجامدراون.

 

زاناكان ئاماژە بەوە دەكەن بەدرێژایی مێژوو هەندێ لێكدانەوەی جیاواز و هەڵە لەبارەی ئەو كەسانەوە باسكراوە كە چەپەن و هۆكاری سەیر لەبارەی ئەو تایبەتمەندییەوە باسكراوە.

 

بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەبارەی هۆكاری بەكارهێنانی دەستی چەپ ئەنجامدراوە، بەشێكیان باسیان لەوە كردووە كە پەیوەندی بە ڕێكخستی مێشكەوە هەیە لە نیوە گۆی كەلەی سەردا،چونكە لای چەپی مێشك بەرپرسە لە جوڵە ئەندامەكانی لای ڕاستی لەش، هەروەها لای ڕاستی مێشك ئەندامەكانی لای چەپ دەجوڵێنێت، بەڵام ئەوانەی چەپلەرن بەردەوان بەشی ڕاست مێشكیان بەكاردەهێنن.

 

بەشی چەپی مێشك بەرپرسە لە قسەكردن، زمان، نوسین، بیركاری، زانست و گریمانەكان، بەڵام بەشی چەپ ئەركی میوزیك، هونەر، داهێنان، هەروەها هەستەكان و بابەتی تایبەت، بۆیە چەپەكان زیاتر كەسایەتی بیرمەند و زانا و كەسانی تایبەتیان تێدا هەڵدەكەوێت.

 

لەڕاپۆرتێكی تۆڕی بی بی سی كە ساڵی 2016 بڵاوكراوەتەوە توێژەرەكان باس لەوە دەكەن، پشتبەستنی مرۆڤ بە یەكێك لە دەستەكانی بەراورد بەوی دیكەیان،نمونەیەكە كە شمولی ئەندامەكانی دیكە دەكات وەك چاو و قاچ و گوێ، واتە كەسێك كە دەستی ڕاستی بەكارهێنا ئەوا ئەندامەكانی دیكەشی زیاتر ڕاست بەكاردەهێنێت، بۆ چەپیش بەهەمان شێوە.

 

لەلێكدانەوەیەكی زۆر سەیریشدا كە ماڵپەڕی زانستی (io9) لە ساڵی 2011 باسی كردووە، جینێك تایبەت هەیە كە بەرپرسە لە بەكارهێنانی دەستی ڕاست یاخود چەپ، بەڵام ئەم بابەتە بۆیە بنەمایەكی زانستی نییە چونكە هەندێ كەس بۆیە دەستی چەپیان بەكاردەهێنن پەیوەندی بە ڕاهاتن و خوویەكی خۆیانەوە هەیە.

 

چەند توێژینەوەیەكی دیكە ئاماژەیان بەوە كردووە دەیان جین هەن لە لەشدا كە ڕاستە یاخود چەپەی كەسێك دیاری دەكەن، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی دیكەیان باسیان لەوە كردووە ڕێژەی هۆرمۆنی ئەسترۆجین و شێوازی لەدایكبوونی ڕۆڵیان هەیە.
هەموو ئەو لێكدانەوە جیاوازانە وایكردووە تائێستا هۆكاری چەپلەری بە نادیاری بمێنێتەوە، بەڵام زاناكان لە هەوڵی ئەوەدان تا هۆكاری سەرەكی دیاری بكەن.

2848 جار خوێندراوەتەوە