قسە و باس لەسەر قاچاخچیەتى دەروازە سنووریەکان
گەرمە، شاخەوان بەکر، بەرێوەبەرى گومرگى باشماخ، ئاشکرایدەکات مانگانە لەهەر
دەروازەیەک ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار قاچاخچیەتى دەکرێت.
شاخەوان بەکر، لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ
دیجیتاڵ میدیاى KNN، دەڵێت
ئێستا قاچاخچیەتى رێکخراو هەیە و ئەنجومەنى وەزیرانیش دەستى لەسەر قاچاخچییەکاندا ناشکێت.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: ئایا هەموو ئەو کاڵایانەى دێنە ناو هەرێمى
کوردستانەوە گومرگ دەکرێن یاخود نا؟
شاخەوان بەکر: هەموو ئەو بابەتانەى بە
شێوەیەى فەرمى هاوردەدەکرێن تۆمار دەکرێن و کۆدیان بۆ دەکرێت و گومرگ دەکرێن، ئەمە
بەپێى سیستەمى ئەلکترۆنى بەڕێوەدەچێت، هەر کەس بیەوێت دەتوانێت لەسەر ئەمانە
زانیارى دەستبکەوێت.
کێشە گەورەکەى ئێمە مەسەلەى قاچاخچیەتیە کە
لە هەموو دونیادا هەیە، بەڵام ئێمە کێشەیەکى ترمان هەیە، کە پێى دەوترێت
قاچاخچیەتى رێکخراو، ئەمەش بەرپرسانى باڵاى ئەم وڵاتەى لە پشتەوەیە، نەک ئێمە وەکو
بەڕێوەبەرایەتى مەرزى باشماخ بەڵکو سەرووى ئێمە وەزارەتى دارایى و ئەنجومەنى
وەزیران و پەرلەمانیش گیریان بە دەستیانەوە خواردوەو ناتوانن کۆنترۆڵى بکەن، ئەمانە
کەسانى باڵادەستى ئەم وڵاتەن ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەکى یاساییان لەگەڵدا
بکرێت.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: بارى قاچاخیش بە هەمان رێگەى بارە
ئاساییەکان دەهێنرێنە ناو هەرێم؟
شاخەوان بەکر: نەخێر، کە من پێتدەڵێم
قاچاخچیەتى رێکخراو مەبەستەکەم ئەمە، کاتێک ئەوان بارەکان دەهێنن بە هیچ شێوەیەک
داغڵى سیستەمى نابن.
دەروازەکان خەتى گومرگى و خەتى ئاساییان هەیە
هى هاتوچۆ، ئەوانەى لە خەتى گومرگییەوە دێن هەموو رێکارێکیان بەرامبەر
دەگیرێتەبەر، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەموو بارەکان لە خەتى گومرگەوە نایەن، بەشێکیان
لە رێگەى هێزى تایبەتى ئەمنییەوە دەهێنرێن بەبێ ئەوەى هیچ ئیجرائاتێکیان لەگەڵدا
بکرێت، واتە نە گومرگ نە پشکنین.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: ئایا لە هەرێمیشەوە شت دەبرێتە دەرەوە؟
شاخەوان بەکر: خۆت دەزانیت ئێمە وڵاتێکى
بەکاربەرین، هەربۆیە زۆربەى ئەو قاچاخچیەتیەى دەکرێت هاوردەیە.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: کە ئەنجومەنى وەزیران نەتوانێت ئیجرائات
بکات، کەواتە کەسى یەکەمى حزبەکانن قاچاخچیەتى دەکەن؟
شاخەوان: ئەم کارە کەسانى پلە باڵاى حزبەکانى
لە پشتەوەیە، بە تەنیا لە مەرزى باشماخەوە نیە و لەسەرجەم مەرزەکان هەیە، دەتوانم
بڵێم دیاردەیەکە پێشینەى هەیە.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: زۆرترین ئەو شتانەى دەهێنرێن چین؟
شاخەوان بەکر: هیچ کەس بۆى نیە بچێت سەیرى
ئەو شتانە بکات کە بە قاچاخ دەهێنرێن، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى ئێمە ئەوانەى
دەهێنرێن کە هێنانیان قەدەغەیە وەکو هێلکە، یان ئەوانەى گومرگیان زۆرە وەک جگەرە.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: بە مەزەندەى ئێوە قەبارەى قاچاخچیەتى
چەندە؟
شاخەوان بەکر: بە مەزەندەى ئێمە مانگانە لە
هەر دەروازەیەک ١٥ بۆ ٢٠ ملیۆن دۆلار بە قاچاخچیەتى بە هەدەر دەڕوات.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: گۆڕان زۆر باسى چاکسازى دەکات و ئێوە چیتان
کردووە بۆ بنەبڕکردنى ئەمە؟
شاخەوان بەکر: ئێمە بزوتنەوەیەکى مەدەنین
هەموو رێگەچارە ئاشتیانەکان بەکاردەهێنین بۆ چاکسازى و راستکردنەوەى هەڵەو
کەموکورتییەکان، چەندە لە تواناماندا بێت هەوڵدەدەین دزى و گەندەڵى نەکرێت، ئەو
شتانەى دەسەڵاتمان بەسەریاندا شکاوە بێدەنگ نەبوین لێیان، پەرلەمانتارەکانمان بە
دەنگى بەرز باسى گەندەڵیان کردوە و رێگەچارەشیان خستوەتەوو، بەشێک لەو لایەنانەشى
کە بەشدارن لە پەرلەمان خۆیان بەشدارن لە قاچاخچیەتیەکە و نایانەوێت چارەى بکەن.
لە بارەى حکومەتیشەوە بەداخەوە دەڵێم بەشێکى
زۆر لە بەرپرسەکانى پارتى و یەکێتى خۆیان خاوەنداریەتى ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە
قاچاخچیەتى دەکەن.
ئێمە لەڕێى پەرلەمان و وەزارەتى دارایى و
ئەنجومەنى وەزیرانەوە راپۆرتمان بەرزکردوەتەوە، تەنانەت لە گفتوگۆ حزبیەکاندا زۆر
بە روونى باسى ئەم بابەتانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تائێستا نەکراوە و هیچ
دەستپیشخەرییەکیش نابینین، لە هەر دەروازەیەکدا ١٠ بۆ ١٥ کۆمپانیا هەن و زۆربەیان
حزبین و لە ژێر ناوى جۆراوجۆردا پارە لە خەڵک وەردەگرن و ئەمانە قانونیان بۆ
دەرکراوە و گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت هەیە، مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار دەچێت بۆ
ئەم کۆمپانیایانە.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: وەزارەتى دارایى بریاریداوە بەڕێوەبەرایەتییەکی
تایبەت بە چاودێری گومرگی بکاتەوە ئایا ئەمە هیچ کاریگەرى دەبێت؟
شاخەوان بەکر: هەر هەنگاوێک کە دەنرێت باشە، رەنگە ئەمە هەموو دیاردەکان
کۆتایى پێنەهێنێت، دەستخۆشى لە وەزیرى دارایى دەکەم، هەنگاوێکى باشە.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: هێزى ئەمنى بەشدارە لەم قاچاخچیەتیەدا؟
شاخەوان بەکر: هەموو ئەوە دەکرێت بەپشتیوانى
هێزى ئەمنی دەکرێت، هێزى چەکدارى حزبەکانە و رەنگە هى حکومەتیش بێت.
دیجیتاڵ میدیاى KNN: ئێوە لە کارەکانتاندا رووبەروى فشار و
هەڕەشە بونەتەوە؟
شاخەوان بەکر: بەڵێ تووشى ئاستەنگ
بووینەتەوە، هەندێک شت هەبووە دەستمان بەسەریاندا شکاوە دەستمان بەسەر باردا
گرتووەو بارمان تەلەف کردووە، چەندین دۆسیەى قاچاخچیەتیمان هەیە کە گیراون و
ئیجرائاتى قانونیان لەگەڵدا کراوە، بەڵام بەراستى دەستمان بەسەر هەموویدا ناشکێت،
نەک ئێمە حکومەتى هەرێمیش دەستیان بەسەردا ناشکێت.
2174 جار خوێندراوەتەوە