پەیوەندی نێوان بوك و خەسوو و كێشەكانیان، یەكێكە لە بابەتە كلاسیكییەكان و لە كۆنەوە بونی هەبووە، ئەوەش كە بەردەوام ڕوبەڕوی دەبێتەوە و لەنێوانەدایە پیاوەكەیە واتە كوڕی دایكەكە و مێردی ژنەكە، بەوپێیەی نزیكترین كەسە لە هەردووكیانەوە.
چۆن پەیوەندی نێوان دایك و خێزانەكەت بەشێوەیەكی گونجاو دروست ڕادەگریت، ئەمە ئەو پرسیارەیە كە زۆرینەی پیاوان بەدوایدا وێڵن، بەتایبەت ئەوانەی پێكەوە لەماڵێكدا دەژین.
پێشتر كاتێك كچان لە تەمەنێكی منداڵیدا دەدران بەشوو ڕێسا و نەریتە خێزانییەكان لەلایەن خەسویانەوە فێردەكران، بەڵام لەئێستادا ئەمە زۆر گۆڕاوە و ئاستی ڕۆشنبیری زۆر بەرەو پێشچونی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێك زۆرینەی كچان لە تەمەنێكی گونجاودا شودەكەن، هەروەها خوێندەوارییان هەیە و خاوەنی بڕوانامەن و دەیانەوێت پارێزگاری لە كەسایەتی بیروباوەڕەكانیان بكەن، ئەمەش وایكردووە ئەركی پیاوان بۆ گونجاندنی نێوان ئەو دوو كەسایەتییە قورستربێت.
ماڵپەڕی بۆنۆلۆگی هیندی كە تایبەتە بە پەیوەندی نێوان هاوسەران، چەند ڕێنماییەكی داناوە بۆ ئەوەی پیاوان بەشێوەیەكی دیپلۆماسی لە كێشەی نێوان دایك و ژنەكانیان ڕزگاریان ببێتو پەیوەندی گونجاو لەنێوانیاندا دروست بكەن.
دیارترین ڕێنماییەكان بریتین لە
1-تێگەیشتن لە هەردووكیان: دایك تا ئەو تەمەنە چاودێریی كردویت و گرنگییەكی زۆری پێداویت، هاوسەرەكەشت لەپێناو تۆدا ماڵی باوكی جێهێشتووەو بەو ژیانە قایل بووە كە تۆ بۆت خولقاندووە، بۆیە هەردووكیان مافیان بەسەرتەوە هەیە بە بیروبۆچونی خۆیان لەسەر حەقن.
لەكاتی بونی كێشەیەكدا هاوسۆزی خۆت بۆ هەردووكیان نیشان بدە، هەڵبدە خۆت لەشوێنی ئەوان دابنێیت و بە تێگەیشتن و گوێ گرتن لە هەردووكیان دۆخەكە هێوربكەرەوە.
2-پلاندانان پێش هاوسەرگیری: پیاو زۆر باش كەسایەتی دایكی دەناسێت، حەز بەچی دەكات و ڕقی لە چییە، بۆیە دەبێت بە زیرەكترین شێوە وێنای ئەو كەسایەتییە بۆ هاوسەری داهاتوت بگوازیتەوە، ئەوەش بۆ ژەنەكەت بەجێبهێڵە كە خۆی ئاسانترین ڕێگا بدۆزێتەوە تا لەگەڵ دایكتدا ببنە دوو هاوڕێی نزیك.
ئەگەر شكستت هێنا لە دروستكردنی ئەو پەیوەندییە بەو شێوەیەی تۆ مەبەستتە، ئەوە هەوڵ بدە نەرمییەك لە نێوانیاندا دروست بكەیت بەتایبەت لەكۆبونەوە خێزانی و كۆمەڵایەتییەكاندا، تاوەكو كەسی دیكە بەو كێشانە نەزانێت.
3-هەستكردن بە ئارامی و ئاسودەیی: هەوڵ بدە پێش هاوسەرگیری كەمێك ئەو كەسە بناسیت، دڵنیا بەرەوە لەوەی دایكت كێشەی نییە لەوەی كەسێكی دیكە بێتە ناو ژیانتەوە، بۆ ئەوەش دەتوانیت داوای ئامۆژگاری لە دایكت بكەیت تاوەكو هاوسەرەكەشت لە ماڵە نوێیەكەیدا هەست بە ئاسودەیی و ئارامی زیاتر بكات، لەوەش تێبگات كە ئەو كەسە دایكی تۆیە نەك كەسێكی بێگانە یاخود دوژمنێك.
4- كات بۆ دایكت تەرخان بكە: ئەگەر دایكت لەو جۆرە كەسانەیە كە نایەوێت دوای هاوسەرگیریش لێت دووركەوێتەوە، كاتی تەواوی بۆ تەرخان بكە، تەنانەت هەندێ جار تەنها خۆت و دایكت كاتەكانیان بەسەر بەرن، هەستێكی لا دروست بكە كە وابزانێت هیچ نەگۆڕاوە و بەردەوام خۆشەویستی خۆتی بۆ دەربڕە، هەرگیز ڕێگە بە ژنەكەشت مەدە ناڕەزابێت لەو چونە دەرەوانەت، هەروەها ڕۆژانەش بەشێوەیەكی بەردەوام قسەی لەگەڵدا بكە.
5- ڕوونكردنەوەی بابەتەكان بۆ خێزانەكەت: بەردەوام باسی گرنگی ئەو كاتانە بكە كە پێویستە بە دایكتی ببەخشت، لەڕووی دارایشەوە بەردەوام دەستت پێوەی بێت، باسی ئەو كارانەش بكە كە دایكت لە پێناوی تۆدا كردویەتی و پێی بڵێ كە هەرگیز خۆی نەخاتە ناو ئەو بابەتانەوە.
6- بێ لایەنی: لە هەندێ حاڵەتدا بەتایبەت لەكاتی بونی كێشە و دەنگە دەنگی زۆر پێیان بڵێ كە خۆیان كێشەكەیان چارەسەر بكەن و تۆ بە بێلایەنی بمێنەرەوە، هەرچەندە ئەوە كارێكی قورسە، بەڵام دەتوانرێت ئەنجام بدرێت.
7-نێوەندگیری ڕەتكەرەوە: بیرۆكەی ئەوەی تۆ بەردەوام ببیتە نێوەندگیری هەردووكیان كارێكی خراپە، هەروەها بە توندی و ڕەقی قسە لەگەڵ هیچیان مەكە.
8-سنوردانان: كۆمەڵێك بنەما و سنور دابنێ بەوەش كێشەی گەورە دروست نابێت، بە جۆرێك بۆ هەردووكیان ئاماژە بەو ڕەفتارانە بكە كە ڕێگە پێدراوە هەروەها ئەوانەش كە ڕێگە پێنەدراوە، لەگەڵ هەردووكیشیان بە نەرم و نیانی و بەڕێزەوە مامەڵە بكە.
9-ڕێگە بە شكاتكردن مەدە: ئەگەر یەكێكیان شكاتی لەوەی دیكە كرد، هەوڵبدە كۆنتڕۆڵی خۆت بكەیت و بەقسەكەیان تێمەكەوە، لەهەندێ كاتدا تەنها بۆ ئەوە گوێیان لێبگرە تا ئەو قسانەی ناخیان بەتاڵ بكەنەوە، لەهەندێ كاتیشدا ڕێگە بە شكاتەكە مەدە.
10-وەسفی كەسیان مەكە و هێرش مەكەرە سەریان: ئەگەر لەبەردەمی یەكێكیاندا گرنگیت بەوی دیكەیاندا، ئەوا هەمان شت بۆ ئەویش دووبارە بكەرەوە، ئەگەر دەستپێشخەرییەكیشت كرد وەك كڕینی گوڵ یاخود دیاری، ئەوا باشترە بۆ هەردووكیان بێت، هەروەها لەبەردەمی یەكتردا نە وەسفیان بكە نەهێرشیان بكەسەر.
1361 جار خوێندراوەتەوە