دەكرێت توشی كۆرۆنا بیت بێ ئەوەی هەستی پێ بكەیت؟

KNN : Kurdish News Network
09:55 - 13/07/2020
تەندروستی
+
-

تادێت ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە زیادبوندایە، ئەوەش ترس و دڵ ڕاوكێی لای زۆر كەس دروستكردووە، زۆرینەش لە بڵاوبونەوەی بێدەنگی ڤایرۆسەكە دەترسن یاخود ئەوەی كۆرۆنا لە جەستەیاندا بێت و هەستیان پێنەكردبێت.

 

 
بونی كۆرۆنا بە بێدەنگی لە جەستەدا یاخود توشبوون و چاكبونەوەی بێ ئەوەی كەسەكە هەستی پێبكات، تەنها پرسیاری كەسانی ئاسایی نییە، بەڵكو پسپۆڕانی تەندروستی لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە كردووە و باس لە جۆرە بەرگرییەكی سەیر دەكەن لە لەشی هەندێ كەسدا كە دەتوانێت بەڕووی كۆرۆنادا بوەستێتەوە.

 

زاناكان دەڵێن "75% ئەو كەسانەی توشی كۆرۆنابوون لەوانەیە بەرگرییەكی بێدەنگیان هەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی توێژینەوەكان دەریانخستووە كاتێك یەكێك لە ئەندامانی خێزانێك توشی كۆرۆنا دەبن، دەبێت زۆرینە یان تەواوی ئەندامەكانی دیكە توشببن جا بە دەركەوتنی چەند نیشانەیەكی سەرەتایی بێت یاخود بێ دەركەوتنی نیشانە".

 

بەپێی توێژینەوەیەك شەش كەس لەكۆی هەشت كەس كە لەگەڵ توشبوویەكی كۆرۆنادا دەژین، ئەنجامی پشكنینەكانیان نێگەتیڤە، واتە توشی ڤایرۆسەكە نەبوون هەرچەندە لەماڵێكیشدا لەگەڵ توشبوویەكدا پێكەوە ژیاون.
بەشێكی پشكنینەكان كە بۆ ئەو خێزانانە كراوە كە توشبووی كۆرۆنایان هەیە، دەریخستووە چەند كەسێكیان توشی ڤایرۆسەكە بوون و چاكیشبونەتەوە بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەكیان لەسەر دەربكەوێت و هەستی پێبكەن.
ئەو توێژینەوەی لەسەر ئەو بابەتە كراوە، لە ماڵپەڕی  (medRxiv) بڵاوكراوەتەوە كە تایبەت بە ئەنجامی لێكۆڵیونەوە پزیشكییەكان.

 

توێژەرەكان باسیان لەوە كردووە ئەو حاڵەتە بەهۆی بەشێكی كۆئەندامی بەرگری لەشی ئەو كەسانە ڕوویداوە كە بە لیمفۆسایتی تی ناسراوە و كۆئەندامەكە وریاكردۆتەوە بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە و دوای ناسینەوەی توانیوێتی بەسەریدا زاڵبێت.
لای خۆیانەوە توێژەرانی نەخۆشخانەی ستراسبۆرگ لە فەرەنسا باسیان لەوەكردووە، نەخۆشانی كۆڤید 19 وەڵامدانەوەیان بۆ ڤایرۆسەكە جیاوازە، بەجۆرێك هەندێكیان دژە تەنەكان لە خوێنیاندا نییە، بۆیە جەستەیان ڕوبەڕووی ڤایرۆسەكە دەبێتەوە، هەروەها دەتوانێت ئەو پرۆتینە بناسێتەوە كە چوار دەوری دەدات بۆ لەناوبردنی، هەر خودی ئەو پرۆتینەش یارمەتیدەربووە بۆ هاتنە ناوەوەی.

 

بەپێی ئامارەكانی لە توێژینەوەكەدا بڵاوكراوەتەوە، %10 خەڵكی ئەو بەرگرییە بێدەنگەیان هەیە، ئەوەش یارمەتیدەری خڕۆكە سپییەكانە كە بەشێوەیەكی گشتی بەهێزترن بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكان.

 

هەرچەندە ئەنجامەكانی توێژینەوەكە زۆر سەرەتاییە و پێویستی بە وردبونەوەی زیاتر هەیە، بەڵام پرۆفیسۆر دانی ئاڵتمان لە كۆلێژی پزیشكی و دەستەی بەریتانی بۆ زانستی بەرگری دەڵێت " چەندین بەڵگە لەبەردەستە كە دەریدەخات بەرگری لەشی هەندێ كەسی توانای ڕوبەڕووبونەوەی كۆرۆنای هەیە ئەویش تەنها لەڕێی خانەكانی لیمفۆسایتی تی، كە بە دوو شێوە ڕوبەڕووی كۆرۆنا دەبنەوە، یەكێكیان لەڕێی هاندانی خانەكانی خوێن بۆ دیاریكردنی ڤایرۆسەكە چالاككردنی بەرگری لەشەوە، یان لەڕێی بەرهەمهێنانی كۆمەڵێك لیمفۆسایتی تی زۆر بەهێز كە ئەو خانانە وێران دەكات كە توشی ڤایرۆسەكە بووە یاخود ڤایرۆسەكەی بۆ چووە.

 

ئەو بەرگرییە بێدەنگە لەڕێی لیمفۆسایتی تی كە بەشێكە لە كۆئەندامی بەرگری لەش، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە هێڵەكانی پشتەوەی بەرگریدان بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ڤایرۆس میكرۆب بەكتریا زیان بەخشەكان.

15502 جار خوێندراوەتەوە