دوای توشبوونی زیاتر لە 12 ملیۆن كەس زانیاری نوێ لەسەر کۆرۆنا بخوێنەرەوە

11:14 - 10/07/2020
تەندروستی

دوای تێپەڕینی حەوت مانگ بەسەر دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەڵكشانی ژمارەی توشبووان بۆ زیاتر لە 12 ملیۆن كەس، كە هاوتای ژمارەی دانیشتوانی وڵاتێكی وەك ڕواندایە، ئەمڕۆ جیهان چی لەبارەی ڤایرۆسەكەوە دەزانێت؟ هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك گەیشتون بەكوێ؟

 

هەینی ڕابردوو ژمارەی توشبووان بە كۆرۆنا 11 ملیۆن كەسی تێپەڕاند، ڕۆژی هەشتی ئەم مانگەش ژمارەكە بۆ 12 ملیۆن بەرزبووەوە، واتە لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا یەك ملیۆن كەس توشی ڤایرۆسەكە بوون.

 

كۆرۆنا بۆ یەكەمجار لە كۆتایی مانگی كانونی یەكەمی 2019 لە شاری ووهانی چین دەركەوت، پاشان بەتەواوی چین و دواتر بە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەوە، لەو بڵاوبونەوەیەشدا چەند شوێنێك بونە مۆڵگەی سەرەكی كۆرۆنا كە ماوەیەك پێش ئێستا ئیتاڵیا و ئیسپانیابوون، لەئێستاشدا ئەمریكا و بەرازیل لە هەردوو كیشوەرەكەی ئەمریكا بونەتەچەقی بڵاوبونەوە و ڕۆژانە ژمارەی توشبووانیان زۆر زیاد دەكات.


كۆرۆنا لەناوەڕاستی مانگی نیساندا واتە دوای سێ مانگ لە دەركەوتنی یەك ملیۆن توشبووی تێپەڕاندا، بەڵام دوای سێ مانگی دیكە لەو بەروارە، ژمارەی توشبووان 12 ملیۆنی تێپەڕاندووە، تادێت زیاتریش بڵاودەبێتەوە و ژمارەكان لە هەڵكشاندان، ئەمەش لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵە بۆ ڕێگری لە بڵاویونەوەی و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە چەندین وڵات و وەستاندنی ژیان و داخستنی شوێنە گشتییەكان.

 

هەڵكشانی ژمارەی توشبووان لەم چەند مانگەدا زۆر كەسی بێهیوا كرد، چونكە وا باس دەكرا لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی شوێنە گشتییەكان سنورێك بۆ بڵاوبونەوەی كۆرۆنا دادەنرێت، بەڵام ئامارەكان پێچەوانەی ئەوەیان سەلماند.

 

دۆزینەوە نوێیەكان

خێرایی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، توێژینەوە و هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك خێراتركرد، ئەوانیش ئەنجامی نوێ و دۆزینەوەی تازەیان لێكەوتەوە لەوانە:

 

كۆرۆنا هۆكارە بۆ توشبوون بە جەڵتە:


بەپێی ئەنجامی نوێترین توێژینەوەكان، كۆرۆنا هۆكارێكە بۆ توشبوون بە جەڵتە و ڕێگرە لە چونی ئۆكسجین بۆ خانەكانی خوێن، بۆیە زۆرجار چارەسەرەكانی دژی جەڵتە بۆ توشبووان بەكاردەهێنرێت.

 

پسپۆڕان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەش كە دەبێت بەردەوام چاودێری ڕێژەی ئۆكسجین لە خوێنی نەخۆشەكاندا بكرێت بۆ ئەوەی ئەگەری مردنیان بەهۆی نەمانی ئۆكسجینەوە كەمبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی پێویستە ڕێژەكەی لە خوێنی توشبوودا 93% كەمتر نەبێت.

 

نوستن لەسەر دەم یارمەتی هەناسەدان دەدات:


پسپۆڕانی تەندروستی بۆیان دەركەوتووە نوستن لەسەر سك یاخود بە دەمدا، یارمەتی توشبووان دەدات بە ئاسانی هەناسە بدەن.

 

بەكارهێنانی دەرمان بۆ توشبووان:


بەپێی ئەو تاقیكردنەوانەی تائێستا ئەنجامدراون دەركەوتووە چەند جۆرە دەرمانێك دەتوانن یارمەتی كەسانی توشبوو بدەن تا دۆخی تەندروستیان باشتربێت، لەوانە فاڤیپارەڤیر و ڕیمیدسیڤیر.

 

پسپۆڕان باسیان لەوەش كردووە، چارەسەرە چالاككەرەكان و ستیرۆیدەكان ڕێگرن لەوەی كۆئەندامی بەرگری هێرش بكاتە سەر خودی خۆی، ئەوەش یارمەتی توشبووان دەدات كەمتر توشی هەوكردن ببن و تەندروستییان باشتربێت.

9531 جار خوێندراوەتەوە