ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئامانجى سەرەکى
بەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەتدا، جێبەجێکردنى چاکسازیە، دەشڵێت: دەبێت
یەکێتى و پارتى بگەنە ئەو باوەڕەى کە تەنها چاکسازى دەتوانێت بەردەوامیان پێبدات.
نەسرەدین مەحمود باژێڕوانى مەکۆى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامى جڤاتى
نیشتیمانى لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) رایگەیاند، وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتى؛
بزوتنەوەى گۆڕان داواى لە لایەنەکان کردوە دەست بە چاکسازى گشتگیر بکرێت و هاوڵاتیانى
هەرێمى کوردستان لەم دۆخە قەیراناویە دەربازبکرێت.
دەشڵێت: ئەگەر دۆخەکە و قەیرانەکانى ئێستا بەمشێوەیە بەردەوامبن، دۆخەکە
دەکەوێتە مەترسیەوە و بزوتنەوەى گۆڕانیش لە کۆبونەوەکانى لەگەڵ یەکێتى و پارتى بە
ئاشکرا ئەو مەترسیانە و پێویستى دەستکردن بە چاکسازى بۆ لایەنەکان خستوەتەڕوو.
نەسرەدین مەحمود رایگەیاند، ئامانجى سەرەکى بەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕان
لە حکومەتدا، جێبەجێ کردنى ئەو بەرنامە و پڕۆژە چاکسازیەیە، کە کردویەتى بەبنەماى
رێککەوتنەکانى لەپێناو چارەسەرى دۆخى هەرێم و قەیرانەکان و باشکردنى بژێوى ژیانى
خەڵک.
باژێڕوانى مەکۆى کفرى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت یەکێتى و
پارتى بگەنە ئەو باوەڕەى کە تەنها چاکسازى دەتوانێت بەردەوامیان پێبدات و ئەگەر
چاکسازى نەکرێت ناتوانن بەردەوام بن و رەنگە بارودۆخەکە خراپتربێت و خەڵک دۆخەکە
بەمشێوەیەى ئێستا قبوڵ ناکات، بۆیە تەنها دەرچە لەبەردەم چارەسەرى دۆخەکەدا
دەستکردنە بە چاکسازى گشتگیر و پێویستە رۆژێک زوتر هەوڵ بۆ جێبەجێکردنى چاکسازى بدرێت.
694 جار خوێندراوەتەوە