گوڵستان سەعید؛ تەنها چاکسازی دەتوانێت کێشەی نەبونی موچە چارەسەر بکات

07:38 - 30/06/2020
کوردستان

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەینێت، چاکسازی پرۆسەیەکی چارەسەرە، بۆ دۆخی پڕ قەیران، گرفتی دارایی و ئابوری،کۆمەڵایەتی و یاسایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

 

گوڵستان سەعید ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێکدا بە دیجیتاڵ میدیای KNNی راگەیاند،"تەنھا بە ھەنگاونان بە ئاراستەی چاکسازی، دەتوانین ئەو دۆخە چەقبەستوەی کە ھەرێمی تێکەوتوە، کە خۆی لە دابەشنەکردنی موچە و پێشکەشنەکردنی خزمەتگوزاری بە هاولاتیاندا، خۆی دەبێنێتەوە، چارەسەر بکرێت.


ئاماژەی بەوەشکرد،"بە چاکسازی لە ھەموو ئەو بوارانەی کە پارەی تێدا بەھەدەر دراوە، لە کارگێڕی و سیستمی بەرێوەبردن،ئەو نابەرابەریەی لە مووچە ی بندیوار،بەخشینی پلە و پۆست، کۆی ئەمانە قورساییەکی گەورەیان لەسەر بودجەی گشتی دروست کردوە، ئەمانە و چەندین هۆکاری دیکە وایکردووە،حکومەت ناتوانێ لە وادەی خۆیدا مووچە دابەش بکات.


دەشڵێت،تەنھا دەرفەتێک لەبەردەم حکومەت مابێت بۆ چارەسەری ئەو بارە نەخوازراوە تەنھا چاکسازیە،بەڵام ئیرادەیەکی بەھێز و ویستی ڕاستەقینەی دەوێت، بە ھاوکاری و ھەماھەنگی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان، و پارتەکانی ھەرێم، بەبێ بوونی هیچ بەربەستێک.


ئەندامەکەی پەرلەمان جەختیشدەکاتەوە، پێویستە حکومەت ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش رێکبخاتەوە و ئەو کۆمپانیا حیزبیانەی پارەیەکی زۆری حکومەت دەبەن بە ناوی سیکیوریتی نەوت و سامانی سروشتی کۆتاییان پێ بێنێت، ئەو ژمارە زۆرەی پۆلیس و ئاسایش کە موچە لەسەر حسابی حکومەت وەردەگرن بخاتە خزمەت پاراستنی سەروەت و سامانی سروشتی و نەوتی ھەرێم، کۆتایی بەکاری سەرجەم ئەو کۆمپانیا خزمەتگوزاریانە بهێنرێت کە بەناوی کۆکردنەوەی پارەی ئاوو کارەبا و زبڵ و خاشاک و پارەی پێوانەی ئاو پارەیەکی زۆر لە ھەرێم وەردەگرن.

390 جار خوێندراوەتەوە