ماوەیەكە دەنگۆی كاریگەری مێخەك بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردووە، لە هەرێمی كوردستان و زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی بەردەوام باس لە سودەكانی مێخەك دەكرێت بەتایبەت بۆ كۆئەندامی بەرگری لەش و لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
زۆرینەی ئەو بابەتانەی لەو ماوەیەدا لەسەر مێخەك بڵاودەكرێتەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكات ڕۆژانە چەند جارێك دەنكە مێخەك بخەنە دەمیانەوە، بۆ ئەوەی ئەگەری ڤایرۆس و میكرۆبی زیان بەخشی تێدابێت لەناویبەرێت بەتایبەت كۆرۆنا.
چەند پزیشكێكی میسری بەهۆی زۆری خواست لەسەر مێخەك لەو وڵاتەدا ڕوونكردنەوەیان بڵاوكردۆتەوە و باسیان لەوە كردووە تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەك كاریگەرییەكەی بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەسەلماندووە.
ئیمان بەحری كە پزیشكی بواری زانستی میكرۆبەكان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكانە دەڵێت "دەتوانرێت مێخەك بۆ خاوێنكردنەوەی ناو دەم و دژە كۆكە بەكاربهێنرێت، هەروەها ئازار شكێنێكی گونجاویشە، بەڵام هیچ زانیارییەكی ورد و دروست لەبەردەستدا نییە كە باس لە كاریگەرییەكەی بكات دژی كۆرۆنا".
چەند پسپۆڕێكی دیكەش باسیان لەوە كردووە، ئەگەر مێخەك بەشێوەیەكی زۆر و ڕێگایەكی ناتەندروست بەكاربهێنرێت زیانی دەبێت، بەتایبەت بۆ خانەكانی ناو دەم و ددانەكان، هەروەها چەند ماددەیەكی كیمیایی تێدایە كە كاریگەری لەسەر خوێن دەبێت.
پێشتر ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوە كردبوو، ئەو دەرمانانەی لە گژوگیا دروست دەكرێت، كاریگەری لەسەر كۆرۆنا نییە، چونكە ڤایرۆسەكە بەهێزە و ئەو چارەسەرانە كاریگەرییان لەسەر نابێت.
1597 جار خوێندراوەتەوە