لەمەودوا لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشکردنی غازی ماڵان بە سیستەمی فۆرمی خۆراک دەبێت
بەپێی ڕێکارە نوێیەکان، هەر خێزانێک بۆ وەرگرتنی غازی ماڵان بە نرخی حکومی، پێویستە فۆرمی بنەڕەتیی خۆراکی پێبێت و لە مانگێکدا تەنها دوو بوتڵ غازی پێدەدرێت
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بەوەکالەت ڕایگەیاند: "ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی پرۆسەی دابەشکردن و ڕێگریکردنە لەوەی هیچ کەسێک زیاد لە پێویست غاز وەربگرێت و نۆرەی هاونیشتمانیانی دیکە ببات." ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت هاوڵاتییان فۆرمی بنەڕەتیی (ئەسڵ) بەکاربهێنن نەک کۆپی، تاوەکو بە وردی بزانرێت هەر خێزانێک چەند بوتڵی وەرگرتووە
سەبارەت بەو خێزانە نوێیانەی کە تا ئێستا فۆرمی خۆراکیان بۆ نەکراوە، قایمقامیەتی سلێمانی ڕوونی کردەوە کە دەتوانن لە ڕێگەی پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی فۆرمی خۆراکەوە بەشە غازی مانگانەیان وەربگرن
ئەم بڕیارەی سلێمانی لە کاتێکدایە کە زیاتر لە هەفتەیەکە لە هەولێر و هەڵەبجە چۆتە بواری جێبەجێکردنەوە. هۆکاری پەنابردن بۆ ئەم سیستەمە بۆ ئیدارەدانی باشتر و دادپەروەرانەی دابەشکردنی غاز دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانەوە، بڕی غازی دابینکراو بۆ ماڵان کەمی کردووە.
38 جار خوێندراوەتەوە