زینك یەكێكە لە كانزا سەرەكی و
گرنگەكان بۆ تەندروستی، ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە بەهێزكردنی بەرگری لەش و چالاككردنی
300 ئەنزیمی جیاواز، هەروەها یارمەتی دابەشبوون و گەشەی خانە جیاوازەكان دەدات.
بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی
جیهانی، بەشێكی زۆری دانیشتوانی جیهان گرفتی كەمی زینكیان هەیە، ئەوەش كاریگەری لەسەر
بەرگری لەش و چەند كێشەیەكی دیكەی تەندروستی هەبووە، لەوانە درەنگ چاكبونەوەی برینەكانی
جەستە، تێكچونی پێست و قژ هەڵوەرین.
لەئێستادا كە زۆرینەی وڵاتانی جیهان
بەدەست گرفتی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە دەناڵێنن بەشێكی زۆری پسپۆڕانی تەندروستی باس لە
كاریگەری زینك دەكەن بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش دژی ئەو ڤایرۆسە، بەجۆرێك بە خواردنی
دەرمانی زینك یاخود ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بەو ماددەیە دەتوانرێت بەرگری لەش دژی
كۆرۆنا بەهێز بكرێت.
سەبارەت بە بڕی پێویستی ئەو كانزایە
بۆ لەش، پەیمانگای نیشتمانی ئەمریكی بۆ تەندروستی ئاماژە بەوە دەكات، بڕەكە بەپێی ڕەگەز
دەگۆڕێت بەجۆرێك ڕەگەزی نێر لەدوای تەمەنی 14 ساڵییەوە ڕۆژانە پێویستی بە 11 ملیگرامە
و بۆ ڕەگەزی مێ 8 ملیگرامە، بەڵام بۆ خانمانی دووگیان ڕێژەكەی زیاد دەكات بۆ 11 میلیگرام
و لەكاتی شیردانیشدا دەبێتە 12 میلیگرام.
پسپۆڕانی تەندروستی چەند جۆرێك خۆراكیان
دیاریكردووە كە بڕێكی زۆر زینك لە پێكهاتەكەیاندا هەیە و دەتوانرێت سودیان لێوەربگیرێت،
ئەوانیش بریتین لە:
1-گۆشت: یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی زینك گۆشتی سورە، بەتایبەت ئەو گۆشتە لەسەری ئاژەڵدایە، بەجۆرێك بڕی 100 گرام گۆشتی سور 4.8 ملیگرام زینكی تێدایە.
2-گوێچكە ماسی: بەراورد بە خواردنەكانی دیكە بڕێكی زۆر كەمی كالۆری و بڕێكی زۆر زینكی تێدایە، هەروەها خواردنە دەریاییەكانی دیكەی وەك قرژاڵ و ڕۆبیان و سەدەف، بە بڕی جیاواز زینكیان تێدایە.
3-مریشك: سەرچاوەیەكی سەرەكی پرۆتینی بێ چەورییە، هەروەها زینكی بە بڕێكی زۆر تێدایە، بەجۆرێك 85 گرام لە گۆشتی مریشك بڕی 2.4 ملیگرام زینكی تێدایە.
4-گازۆ: یەكێكە لە جۆری چەرەساتەكان كە دەوڵەمەندە بە زینك و ئاسن و ترشە چەورییەكان، بەجۆرێك 28 گرام گازۆ بڕی 1.6 ملیگرام زینكی تێدایە.
5-شۆفان: یەكێكە لە بەسودترین پێكهاتە خۆراكییەكان بە تایبەت بۆ ژەمی بەیانیان و لە نیو كوپ شۆفاندا بڕی 1.3 ملیگرام زینك هەیە، ئەوەش وادەكات سودێكی زۆری بۆ لەش هەبێت.
6-قارچك: ئەو كەسانەی دەیانەوێت بێ زیادبونی چەوری و كۆلیسترۆڵ ڕێژەی زینك لە لەشیاندا زیاد بكەن، باشترە پەنا بۆ خواردنی قارچك ببەن، چونكە لە 210 گرامدا 1.2 ملیگرام زینك هەیە.
7-شیرەمەنییەكان: بە یەكێك لە تەندروستترین خۆراكەكان دادەنرێن و بڕێكی زۆر زینك لە پێكهاتەكەیاندا هەیە، بۆیە خواردنیان لە بەیانیاندا زۆر گرنگە.
8-نەستەلەی ڕەش: ئەو كەسانەی حەزیان لە خواردنی شیرینییە و زینكیان كەمە، باشترە نەستەلەی ڕەش بخۆن، چونكە بڕێكی كەم شەكری تێدایە و لەهەمان كاتیشدا دەوڵەمەندە بە زینك.
15698 جار خوێندراوەتەوە