وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، موچەی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە دەستکاری ناکرێت و پارێزراو دەبێت.
دانا عبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم بە سایتی (سبەی) راگەیاندووە، موچەی فەرمانبەرانی راستەقینە کە بە یاسا رێکخراوە دەستکاری ناکرێت و پارێزراو دەبێت.
ڕاشیگەیاندوە، موچەی ئەو کەسانە دەبڕێت و دەستکاری دەکرێت، کە بە نایاسایی موچەیان وەرگرتووە یان خانەنشین کراون.
دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەشکردوە لە مانگی داهاتووە یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوانەشی کە یاساکە دەیانگرێتەوە، ئەو کەسانەن کە بە ناشایستەیی پلەی سەربازی و ئیدارییان پێدراوە یان خانەنشین کراون، یان بەدەر لە یاسا موچەیەک زیاتریان هەیە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاشکراشیکردوە، بەپێی رێکەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە ئەم کابینەیە کابینەی چاکسازی بێت.
هەروەها بەپێی رێکەوتنەکە ئاماژە بە دوو مادەی چاکسازی کراوە یەکەمیان رێکخستنەوەی موچە و دەرماڵە و بڕینی موچەی نایاسایی و رێکخستنەوەی لیستی موچەخۆران، هاوکات،چاکسازیکردن لە سیستەمی سیاسی و ئیداریی و دارایی بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنێکی چاکسازی دروست دەکرێت.
6438 جار خوێندراوەتەوە