ترەمپ هاوکارییە داراییەکانی بۆ رێكخراوى تەندروستيى جيهانى راگرت

09:25 - 30/05/2020
جیهان

سەرۆكى ئەمريكا رايگەياند، رێكخراوى تەندروستيى جيهانى داواكارييەكانى ئەمريكا بۆ "چاكسازييەكى بنچينەيى" ئەنجامنەداوە بۆیە "ئەمڕۆ پەيوەنديمان لەگەڵ رێكخراوى تەندروستيى جيهانى كۆتايى هاتووە".

 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چين بە درێژايى ساڵانێك "سوودمەند بووە لە ئەمريكا" و ئەمە لە سەردەمى سەرۆكى پێشوو باراك ئۆباما زياديكردووە و گوتى: " هەبوونى چين لە دۆخى "ئەو وڵاتانەى كە لە پێشكەوتندان" لە لايەن رێكخراوى بازرگانى جيهانى، سوودى زۆرى بۆ ئەو وڵاتە هەبووە."

هاوکات، وڵاتی چينى وەك بەرپرسيار لە پەتاى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19) گرت و ئاماژەی بەوەکرد، "بەرپرسانى چينى، بەرپرسيارێتى خۆيانيان لە بەرامبەر رێكخراوى تەندروستى جيهانى بەجێ نەگەياند و بۆ بەهەڵە ئاراستەكردنى جيهان فشاريان خستووەتە سەر رێكخراوەكە".

ترەمپ وتیشی"چين باڵادەستييەكى رەهاى لەسەر رێكخراوى تەندروستى جيهانيدا هەيە. ئەمريكا ساڵانە نزيكەى ٤٥٠ مليۆن دۆلار هاوكارى بۆ رێكخراوەكە دابيندەكات، چين تەنها ٤٠ مليۆن دۆلاری داوە، داواى ئەنجامدانى چاكسازى بنچينەييمان لە رێكخراوەكە كرد، بەڵام ئەوان جوڵانەوەيان رەتكردەوە، لەبەر ئەوەى رێكخراوى تەندروستيى جيهانى، ئەو ريفۆرم و چاكسازيە پێويستانەى ئەنجامنەداوە ئەمڕۆ ئێمە كۆتايى بە پەيوەنديمان لەگەڵ ئەو رێكخراوە دەهێنين. ئەو پارەيەى بۆ رێكخراوەكە تەرخانكراوە، دەيخەينە سەر دۆخە لە ناكاوە تەندروستييەكانى جيهان كە شايستەيانە".

539 جار خوێندراوەتەوە