ئەو شلەی قەیسییەی بەیانی جەژن دەیخۆیت ئەم كاریگەرییانەی لەسەر جەستەت هەیە

KNN : Kurdish News Network
09:45 - 24/05/2020
تەندروستی
+
-

ئامادەكردنی نانی بەیانی جەژن لە كوردستان نەریتێكی  كۆنە، شلەی قەیسیش بە پێكهاتەی سەرەكی خوانی بەیانی جەژن دادەنرێت، تەنانەت بەشێكی ئەوانەش كە حەز بەخواردنی ناكەن شلەكە لەگەڵ چەند جۆرێك شلەی دیكەدا ئامادە دەكەن، چونكە قەیسی بۆتە شای سەر سفرەی جەژنان و زۆر كەس بێ خواردنی هەست ناكەن جەژنیان كردووە.

ئەو خواردنە كوردەوارییە كۆنە، لە قەیسی وشك ئامادە دەكرێت و گۆشت و گوێز و بادەم و هەروەها لەتكە نۆك و دۆشاوی تێدەكرێت، بەشێكی خێزانەكان بە ترشی حەز بە خواردنی دەكەن، بەشێكی دیكەشیان بۆ شیرینكردنی شەكری بۆ زیاد دەكەن.

ئەو قیسییە وشكەی شلەكەی لێ ئامادە دەكرێت، دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (A) كە سودی بۆ تەندروستی چاو و پێست هەیە، هەر ئەوەش لە میوە وشكەكانی دیكەی جیادەكاتەوە، هەروەها بڕێكی زۆر پۆتاسیۆم و ئاسن كە فشاری خوێن هاوسەنگ دەكەن و وزە و توانا بە جەستە دەبەخشن.

ماددە ریشاڵییەكانی پێكهاتەی قەیسی دەبنە هۆی كەمكردنەوەی كێشەكانی كۆئەندامی هەرس، هەروەها كالسیۆمی تێدایە ئەویش بۆ بەهێزكردنی ئێسك و ماسولەكەكان گرنگە، ئەمە جگە لەوەی یارمەتی دەردانی چەند ئەنزیم و هۆرمۆنێكی بەسودی جەستە دەدات.

سودەكانی خواردنی شلەی قەیسی بزانە

 خواردنی شلەی قەیسی لە بەیانیانی جەژندا سودی زۆرە، بەو مەرجەی بڕێكی زۆری چەوری و شەكری تێنەكرابێت و لەگەڵ خواردنیدا گۆشتێكی زۆر نەخورێت، ئەمە جگە لەوەی بادەم و گوێزی پێكهاتەكەی سودێكی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە، هەروەها خواردنی شلەكە لەو بەیانییەدا یارمەتی زوو هەرسكردنی ئەو خواردنانەی دیكە دەدات كە خوراوە.

1575 جار خوێندراوەتەوە