لەبەر ئەم هۆكارە فینگەر مەخۆ بەتایبەت لە بەربانگدا

09:43 - 21/05/2020
تەندروستی

پەتاتەی سورەوەكراو كە بە فینگەر ناسراوە، یەكێكە لە خواردنە بڵاوەكانی جیهان، بەشێكی خێزانەكان وەك خواردنێكی لاوەكی لەگەڵ خۆراكی دیكەدا ئامادەی دەكەن، بەتایبەت لەمانگی ڕەمەزاندا.

 

 
بەو پێیەی پەتاتە یەكێكە لە جۆری سەوزەكان، زۆركەس پێیان وایە ئامادەكردنی خواردنی بەهەر شێوازێك سودی هەیە، بەڵام ئەوە بیروباوەڕێكی هەڵەیە، چونكە بەسوركردنەوەی لە زەیتدا دەبێتە خواردنێكی پڕ زیان بۆ تەندروستی لەش، بەتایبەت ئەگەر لە ژەمی بەربانگدا بخورێت، چونكە لەڕۆژدا كەسەكە هیچ خواردنێكی نەخواردووە ئەو پەتاتە چەورەش زیان بە گەدەی بەتاڵ دەگەیەنێت.

 

پسپۆڕانی زانكۆی دیۆكی ئەمریكا باس لەوە دەكەن، پەتاتەی سورەوەكراو بەشێكی زۆری بەها خۆراكییەكانی لەدەستداوە، هەروەها بەهۆی لێكردنەوەی توێكڵەكەی بەشێكی دیكەی پێكهاتە سود بەخشەكانی لەدەستدەدات، چونكە زۆرینەی ڤیتامین و ماددە خۆراكییەكان لە توێكڵەكەیدایە.

 

پسپۆڕەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە زیادكردنی خوێ بۆ پەتاتە بەهەمان شێوە هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی ببێتە خواردنێكی زیان بەخش، چونكە خوێكە كاریگەری خراپ لەسەر خوێن و گورچیلە و ئێسك جێدەهێڵێت، بەسوركردنەوەشی لە زەیتەكەدا زیانەكانی دەبنە چەند هێندە.

 

لای خۆیانەوە دەستەی ئەوروپی بۆ سەلامەتی خۆراك ڕاگەیاندووە سوركردنەوەی پەتاتە لەپلەیەكی گەرمی بەرزدا، دەبێتە هۆی دروستبونی ماددەیەكی كیمیاوی بەناوی ئەكریلامید، ئەوەش بەهۆكارێكی توشبوون بە شێرپەنجە دادەنرێت.
هەروەها سوركردنەوە ڕێژەی چەوری و كالۆری لە پەتاتەكەدا بەرزدەكاتەوە، بۆ نمونە قاپێكی مامناوەند فینگەر نزیكەی 400 كالۆری و 17 گرام چەوری تێدایە.

 

پسپۆڕەكان ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكەن كە حەزیان لە فینگەرە، باشترە پەتاتەكە لە توێكڵەوە لەگەڵ كەمێك زەیتی زەیتوندا بكەنە فڕنەوە، بەهیچ شێوەیەكیش خوێی پێوە نەكەن.

162 جار خوێندراوەتەوە