تایبەتمەندیی دۆسیەكان لە تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا جێگەی گرنگیپێدانی هەمووانە، هەروەها لە ئێستادا كە بەشێكی حكومەتەكانی جیهان سیستمی ئەلیكترۆنی پەیڕەو دەكەن، ئەو بابەتە بایەخی زیاتر بووەو لەم سەردەمی كۆرۆنایەشدا بۆ جێبەجێ كردنی كارەكانیان ئینتەرنێت بەكار دەهێننو بابەتەكە زیاتر لە جاران گرنگیی هەیە.
بۆ پاراستنی تایبەتمەندێتییەكانتو بەدووربوون لە هەڵخەڵەتاندنت لە ئینتەرنێت ئەم شەش ڕێگایە پەیڕەو بكە:
1- بەكارهێنانی براوسەرێك كە تایبەتمەندێتیت بپارێزێت، بەشێك لە براوسەرەكان دەتوانن چاودێریی كارو چالاكییەكانت لە ئینتەرنێتدا بكەن، هەربۆیە زۆر وریابە لە هەڵبژاردنی براوسەری گونجاو.
2- پاراستنی وشەی نهێنی(پاسۆرد) زۆرینەی ئەو پێشێلكارییانەی لە ئینتەرنێتدا ئەنجام دەدرێن بەهۆی وشەی نهێنیی لاوازەوەیە، یاخود بە كارهێنانی یەك وشەی نهێنی بۆ چەند ئەكاونتێكی جیاواز، بۆیە تا دەتوانیت با پاسۆردەكەت بەهێز بێتو لە 12 هێما زیاتر بێتو بەكارهێنانی هەندێك پیتو هێمای تایبەت زۆر گرنگە.
3- بەكارهێنانی 2FA: بەكارهێنانی ئەم تایبەتمەندییە بۆ چوونەناوەوەی ئەكاونتەكانت لە ئینتەرنێت بەهێزییەكی زیاتری دەدات بەرامبەر ئەوانەی دەیانەوێت بێنە ناو هەژمارەكانت تەنانەت ئەگەر وشە نهێنییەكەشیان لەلابێت، چونكە بە بەكارهێنانی ئەو تایبەتمەندییە كۆدێك دەنێردرێت بۆ مۆبایلەكەتو بەبێ داخڵكردنی ئەو كۆدە هەژمارەكەت ناكرێتەوە.
4- پاراستنی ئیمەیڵ: یەكێكە لە گرنگترین ئەو شتانەی پێویستە لە ئینتەرنێتدا پارێزراوبێت، چونكە ئەگەر كەسێك بتوانێت بچێتە ناو ئیمەیڵەكەت، ئەوا ئاسانە بتوانێت بچێتە ناو هەژمارەكانت لە تۆڕەكانی ئینتەرنێتدا، هەربۆیە هەرگیز زانیاریی لەبارەی ئیمەیڵەكەت بەكەس مەدە بەتایبەت ژمارەی نهێنیو PIN.
5- چاودێریكردنی مۆبایلە زیرەكەكان: لەئێستادا زۆرینەی ئەو كەسانەی ئینتەرنێت بەكاردەهێنن، پشت بە مۆبایلە زیرەكەكانیان دەبەستن، بەمەبەستی بەڕێكردنی كاروبارەكانیشیان، چەندین ئەپلیكەیشینی جیاواز بەكاردەهێنن، بۆیە دەكرێت لەڕێی ئەوانەوە چاودێری كەسەكە و كارەكانی بكرێت.
بۆ نەهێشتنی ئەو ئەگەرانە باشترە مۆبایل وشەیەكی نهێنی بەهێزی هەبێت، هەروەها ئەو ئەپانەی بەكارناهێنرێن بسڕدرێنەوە، ئەمە جگە لەوەی باشترە سیستمەكانی وای فای و بلوتوس لەكاتی بەكارنەهێنانیدا بكوژێنرێنەوە.
6- بەشداریكردن لە (VPN)ی بەهێز: بەكارهێنانی (VPN) لەهەندێك ڕووەوە سودی هەیە، بەتایبەت بۆ بەستنەوەت بە تۆڕی ئینتەرنێتەوە بەشێوەیەك كە هیچ مەترسییەكت لەسەر نەبێت، هەروەها شاردنەوەی ناسنامە و شوێنی جوگرافی.
هەروەها باشترە (VPN) كە بێ بەرامبەر دادەبەزێنرێت بەكارنەهێنرێت، چونكە ئەوانە پشت بە ڕیكلام دەبەستن، بەشێكیان پرۆگرامی زیان بەخشیان تێدایە كە مەترسی لەسەر ناسنامە و كەسایەتی بەكارهێنەر دروست دەكەن.
896 جار خوێندراوەتەوە