ئاڵنگاریەکانى بەردەم کابینەکەى کازمى

KNN : Kurdish News Network
11:12 - 20/04/2020
عێراق
+
-

جارێكی دیكە مشتومڕ لەبارەی تواناكانی مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق و كاندیدی سێهەم بۆ پێكهێنانی حكومەت دێتەوە مەیدان، ئەوەش دوای شكستی عەلاوی و زورفی كاندیدانی پێشوو بۆ ڕۆشتن لەسەر هەمان هێڵی سەرۆكوەزیرانی پێشووی دەستلەكاركێشاوە لەبارەی ڕاگەیاندنی كابینەی وەزارەتەكان.

لەڕۆژەكانی سەرەتای دەستەلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و ناوهێنانی چەند كاندیدێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كازمی ناوێكی دیار و بەهێزبوو لە مەیدانەكەدا بەراورد بە زۆر ناوی دیكە كە باس دەكران، ئەوەش پرسیارێكی سەرەكی هێنایە گۆڕەپانەكەوە، بۆچی ئەو ناوە بەردەوام بونی هەیە و باس دەكرێت؟

كازمی لە 9ی نیساندا لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆككۆمارەوە لە كۆشكی سەلام بەفەرمی كاندیدكرا بۆ پێكهێنانی حكومەت، چەندین كەسایەتی و سەركردەی سیاسی ئامادەی مەراسیمی کاندیدکردنەکەى بوون، لەوانە عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران.

عەدنان زورفی كاندیدی پێشوو چەند خولەكێك پێش دیاریکردنى کازمى، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا داوای لێبوردنی كرد كە ناتوانێت پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی یەكێتی خاكی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی.

لە یەكەم كاتژمێرەكانی دوای كاندیدكردنی مستەفا كازمی، پرسیار لەبارەی تواناكانی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی و پێشكەكردنی بە پەرلەمان هاتە ئاراوە، هەروەها تا چەند دەتوانێت پێچەوانەی هاوتاكانی پێشووی (عەلاوی و زورفی) بێت.

یەکەم ئەرکى کازمى
یەكەم ئەركی كازمی تێپەڕاندنی كابینەكەی دەبێت لەناو پەرلەمانی عێراق، بەڵام لەئێستادا ئەو ئەركە لەشوێنی خۆیەتی، چونكە بەشێكی كوتلە سیاسییەكان، بەتایبەت گروپە سیاسییەكانی پەیوەست بە ئێران، جدی نین لە هەوڵەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت.هەرچەندە لە تشرینی دووەمی ڕابردووەوە عادل عەبدولمەهدی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كردووە، بەڵام چەند دۆسیەیەكی ئاڵۆز و حساباتێكی سیاسی هەیە وادەخوازێت ئەو تا كۆتایی ئەم خولە كابینەكەی بەڕێوەبەرێت، هەروەها بەشێكی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە بەرەی بەرگری ناودەبەن و بەرژەوەندیی سیاسی گەورەش هەیە لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیەدایە.
کازمى لەبەردەم ئاڵنگاریەکاندا

ئەگەر دەنگ بە كابینەی نوێ بدرێت، كازمی لەبەردەم كۆمەڵێك دۆسییەی ئاڵۆز و قورسدا دەبێت، بەتایبەت ئەگەر لێكتێگەیشتن و ڕێكەوتنی پێشوەخت لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا نەبێت.

دیارترین ئەو دۆسیەیانەش ئەوانەن كە پەیوەندییان بە داواكاریی خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەیە، ئەوەش ڕونادات ئەگەر یاسایەكی یەكسانی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ بونی نەبێت، لەگەڵ ئەوانەشدا دەبێت هەڵبژاردنەكە لەژێر چەتری نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئەنجام بدرێت.


ئەم داواكاریانە پێچەوانەی پێشبینی بەشێكی لایەنەكانە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و گۆڕینی یاسا و كۆمسیۆن بە گرنگ نازانن، ئەوەش ئەركی كازمی قورستر دەكات ئەگەر پشتگیری پێویست نەكرێت.

 

دۆسیەى ئابورى

كاندیدە نوێیەكەی پۆستی سەرۆكوەزیران ئاڵنگارییەكی دیكەی گەورەی لەبەردەمدایە، ئەویش دۆسییەی ئابورییە، بەتایبەت كە نرخی نەوت بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و حكومەتیش لەسەر خەرجییە زۆرەكانی بەردەوامە، ئەوەش ئەركی كازمی زۆر قورستر دەكات.

ئەحمەد خزەیر چاودێری سیاسی، بە دیجیتاڵ میدیای KNNی ڕاگەیاند "پێویستە لەسەر كازمی شكۆ و پایە بۆ دەوڵەت بگێڕێتەوە و چالاكی گروپە چەكدارەكان كپ بكات، بەتایبەت ئەوانەی خۆپیشاندەران و چالاكەوانەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا كردووەتە ئامانج، ئەوەش لە یەكەم كارەكانی سەرۆكوەزیرانی نوێ دەبێت".



کابینەکەى کازمى ئامادەیە

كازمی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئاشكرای كرد، حكومەتەكەی ئامادەیە و لە هەڵبژاردنی وەزیرەكانیدا دەستپاكی و بەتوانایی دەكاتە پێوەری سەرەكی، كاری سەرەكیشی دوورخستنەوەی عێراق دەبێت لە ململانێكانی ناوچەكە.

مستەفا كازمی لە دیدارێكیدا لەگەڵ ڕاگەیاندنكاران و نوسەرانی عێراقدا وتویەتی، ئەركی ئەوە كە عێراق لە ململانێ هەرێمییەكان دووربخاتەوە، ئەوەش لە وەڵامی پرسیارێكدا بووە سەبارەت بە هەڵوێستەكانی بەرامبەر ئەمریكا و ئێران.

ئاماژەی بەوەش كردووە "دیالۆگی جدی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجام دەدەین سەبارەت بە سروشت و شێوازی مانەوەیان لە عێراق، لە هەمووشی گرنگتر كە پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەم ئەوەیە، عێراق نەبێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی بەرژوەندییەكان، هەروەها كار لەسەر كرانەوەی زیاتر بەڕووە عەرەبی و ئیسلامییەكەیدا دەكەم لەسەر بنەمای بەرژوەندی هاوبەش، ئەوەش پێویستی بەكاركردنی جدی هەیە لەو بوارەدا".

كازمی باسی لەوە كردووە، كارێكی دیكەی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی دەبێت كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دروستبووە، ئەوەش پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەهێز ‌و یەكلاكەرەوە هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە.


کەژاوەى کابینەکەى کازمى لە پەرلەماندا

ڕوبەڕوبونەوەی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەیەكی كەمدا و قبوڵكردنێكی ئەمریكی و ئێرانی چەند ئاماژەیەكی دیكەن بۆ سەركەوتنی كازمی لە تێپەڕاندنی كەژاوەی كابینەكەی بەناو پەرلەمانی عێراقدا، هەروەها پێویستی بە رێكەوتنێكی سیاسی گەورە و پشتیوانییەكی بەهێز لەنێوان كوتلەكانی پەرلەماندا هەیە.

 

ئەو پشتیوانییە بەهێزەی لەو كاندیدە دەكرێت چەند هۆكارێكی هەیە، یەكێك لەوانە قبوڵكردنێتی لەلایەن ئەمریكا و ئێرانەوە، هەروەها ئەو لە هەموو لایەنەكانەوە نزیكە ئەگەر بیریش لە دروستكردنی حكومەتێكی بێلایەن بكاتەوە و پشت بە كاندیدی حیزبەكان نەبەستێت، ئەوا چارەنوسی هاوشێوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندیدی پێشوتر دەبێت، بەڵام ئەو پلانی ڕێكەوتنی لەگەڵ حزب و لایەنەكان هەیە، چونكە وانەی لە ئەزمونی عەلاوی و زورفی وەرگرتووە، كە شكستیان هێنا لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتدا، چونكە لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان بكەن بەتایبەت لەم دۆخەدا.


رێگەیەکى سەخت لە چاوەڕوانى کازمیدا

"پێشبینی ناكەم ڕێگای كازمی پڕبێت لە سەركەوتن، تەنانەت ئەگەر لە بەدەستهێنانی دەنگەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەركەوتوو بێت، چونكە خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت و دادگایكردنی تاوانباران و گەندەڵكاران دەكەن، ئەویش ناتوانێت لەسەرەتای پێكهێنانی كابینەكەیدا ئەوانە جێبەجێ بكات"، ئەمانە وتەی ڕۆژنامەنوس عەلی حەییانییە بۆ دیجیتاڵ میدیای KNN.

حەییانی هۆكاری ئەنجامنەدانی ئەو كارانە دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی بڕیارەكان بەدەست ئەو كوتلانەوەیە كە مستەفا كازمییان كاندیدكردووە بۆ ئەو پۆستە، ئەوانیش بە زۆرێك لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران قایل نین، چونكە كاریگەری لەسەر ئاستی جەماوەرییان دەبێت.

ئەو ڕۆژنامەنوسە پێشبینی دەكات كازمی پەنا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت ببات، ئەوەش یەكێكە لە دیارترین و سەرەكیترین داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.


حکومەتەکەى کازمى هیچ بنەمایەکى یاسایى نییە

هاوکات تاریق حەرب پسپۆڕی یاسایی، لە وەڵامی پرسیارێكی دیجیتاڵ میدیای KNN لەبارەی پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیی بۆ ماوەی ساڵێك لەڕووی یاسایی و دەستورییەوە، بەو جۆرە وەڵامی دایەوە: "بەپێی دەستوری عێراق هەر حكومەتێك كە پێكدەهێنرێت دەبێت بۆ ماوەی چوار ساڵ ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت، بەڵام قسەكردن لەبارەی حكومەتەكەی كازمی كە بۆ ماوەی ساڵێك بەردەوام دەبێت و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە".

مستەفا كازمی لە بەرنامەی پێكهێنانی حكومەتی نوێدا، پشت دەبەستێت بە هەڵبژاردنی كاندیدێك بۆ وەزارەتەكان لەكۆی پێنج كاندیدی پێشكەشكراو لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە، بۆ ئەوەش دەسەڵاتی تەواوی هەیە تا بە ئاسودەیی خۆی ئەو كەسە هەڵبژێرێت.

عەباس سروت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ڕەوتی حیكمە كە پشتگیری كازمی دەكات دەڵێت "ئەو كاندیدە لە گفتوگۆكانی بەردەوامە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ تەواوكردنی كابینەكەی، ئەوەش پشت دەبەستێت بە سازشى ئەو لایەنانە بۆ ڕێگەدان بە تەواوكردنی كارەكانی و دووبارە نەكردنەوەی سیناریۆكانی عەلاوی و زورفی".

لەبارەی مستەفا كازمی
مستەفا كازمی ساڵی 1967 لە بەغداد لەدایكبووە

ساڵی 1985 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسادا بەدەستهێناوە، لەهەمان ساڵدا عێراقی بەجێهێشتووە و لەڕێی هەرێمی كوردستانەوە چۆتە ئێران و دواتر ئەڵمانیا و پاشان بەریتانیا.

بەشێكی زۆری تەمەنی لە دەرەوەی عێراق بەسەربردووە و وەك ئۆپۆزسیۆن دژی ڕژێمی سەدام كاری كردووە.

كازمی هیچ ڕەگەزنامەیەكی دیكەی نییە، هەرچەندە زۆر لایەن وەك كەسێكی سەر بە واشنتۆن دەیبینن.

مستەفا كازمی وەك نوسەری ستون و بەڕێوبەری نوسین لە بەشی عێراقى لە ماڵپەڕی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریكی كاریكردووە، لە وتارەكانیشیدا باسی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە عێراق كردووە.

لە بەغداد و لەندەن دەزگای "دیالۆگی مرۆڤایەتی" بەڕێوەبردووە كە ڕێكخراوێكی سەربەخۆیە و ئەركی نەهێشتنی بەربەستی نێوان كۆمەڵگە و ڕۆشنبیرییە جیاوازەكان و، دروستكردنی دیالۆگە لەبری توندوتیژی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

چەند كتێبێكی بڵاوكردووەتەوە دیارترینیان بە ناونیشانی؛ پرسی عێراق... ئاشتەوایی لەنێوان ڕابردوو و داهاتوودا.

ئامادەکردنى: سەڵاح حەسەن بابان - بەشى عەرەبى دیجیتاڵ میدیاى KNN
وەرگێڕانى لە عەرەبیەوە: هەکار مەحمود

1535 جار خوێندراوەتەوە