باوەڕ دەکەیت موچەى ساڵانەى خاوەنى فەیسبوک چەند بێت؟

KNN : Kurdish News Network
08:40 - 17/04/2020
هەمەڕەنگ
+
-

كۆمپانیای فەیسبوك لە ساڵی ڕابردوودا بڕی زیاتر لە 23 ملیۆن دۆلاری بۆ پاراستن‌و گەشتی ئاسمانیی مارك زوكەربێرگ سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە خەرج كردووە.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی دارایی كۆمپانیای فەیسبوك، ئەو پارەیە بەراورد بە ساڵی 2018 بڕی 3 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە، لە 2017شدا 9 ملیۆن ‌و 100 هەزار دۆلار خەرجكراوە بۆ پاراستن ‌و گەشتەكان بۆ زوكەربێرگ.

23 ملیۆن دۆلارەكەی ساڵی ڕابردوو، 10 ملیۆن‌ و 500 هەزار دۆلاری بۆ پاراستنی ئاسایشی كەسایەتیی بووە لە ماڵەوەو لە كاتی گەشتەكانیدا، هەروەها 10 ملیۆن دۆلاری دیكەش بۆ پاراستنی خۆی‌ و خێزانەكەی بووە.

خەرجیی فڕۆكەی تایبەتی زوكەربێرگ گەیشتووەتە 2 ملیۆن‌ و 950 هەزار دۆلار، هەروەها 2 ملیۆن‌ و 590 هەزار دۆلاریش خەرجیی گەشتە ئاسمانییەكانی بووە.

لەگەڵ ئەم خەرجییانەدا مووچەی ساڵانەی مارك زوكەربێرگ بەجێگیریی وەك خۆی ماوەتەوە كە تەنها یەك دۆلاری ئەمریكییە.

خەرجییەكانی فەیسبوك بۆ مارك زوكەربێرگ لەژێر بەندێكدایە كە كۆمپانیاكە وەك قەرەبووكردنەوە پێشكەشی دەكات.

هاوكات شێرڵ ساندبرگ سەرۆكی جێبەجێكاری ڕێكارەكانی كۆمپانیای فەیسبوك، مووچەكەی بەراورد بە ساڵی 2018 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو لە 850 هەزار دۆلارەوە بووەبە 880 هەزار دۆلار، هەروەها لە 2019 بە خشیشێكی بە بڕی 900 هەزار دۆلار بۆكراوە لە بەرامبەر پشكەكانیدا، بۆ پاراستنی ژیانیشی بڕی 4 ملیۆن‌ و 370 هەزار دۆلاری بۆ خەرجكراوە‌و خەرجیی فڕۆكە تایبەتەكەشی یەك ملیۆن‌ و 300 هەزار دۆلار بووە لەگەڵ 900 هەزار دۆلار بۆ خەرجیی گەشتەكانی.

فەیسبوك دەڵێت، ئەو خەرجییانە باجی گەشتكردن‌ و بەنزینی فڕۆكە و ستافی فڕۆكەوانیی‌ و خواردن ‌و كرێی كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكان لەخۆدەگرێت.

كۆمپانیای فەیسبوك لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2019 دا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشووتر، قازانجەكانی(24.7%) زیادی كردووە.


2051 جار خوێندراوەتەوە