پسپۆڕانی خۆراكی لەڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان باس لە چەند سیستمێكی خۆراكی دەكەن كە پێویستە لەسەر مرۆڤ بیانخوات جا توشبووی ڤایرۆسەكەبێت یاخود نا، بۆ ئەوەی ڕوبەڕووی كۆرۆنا ببێتەوە.
بەو پێیەی تائێستا هییچ چارەسەر و دەرمانێك بۆ نەخۆشی كۆڤید 19 نییە، بۆیە بابەتەكە دەكەوێتەوە سەر دۆخی تەندروستی كەسەكە و سیستمی بەرگری لەش، ئەمە وتەی پسپۆڕەكانە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی كۆرۆنا.
بۆ بەهێزكردنی سیستمی بەرگریش پێویستە چەند ڕێنماییەك جێبەجێ بكرێت ئەوانیش بریتین لە:
1- خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو: جەستەی هەر كەسێك %75 لە ئاو پێكهاتووە، بۆیە دەبێت هەمووان پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن كە باس لە خواردنەوەی زیاتر لە هەست پەرداخ ئاو دەكات لە ڕۆژێكدا.
پسپۆڕەكان دەڵێن "بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و دەبونی دەوام، كەم كەس هەست بە تینوێتی دەكات، بەڵام دەبێت هەمووان ئاو خواردنەوەیان لەبیربێت و بە هەر شتێك بێت ئەو بابەتە بخەنەوە بیری خۆیان تا پارێزگاری لە شێداری جەستەیان بكەن.
بۆ زیادكردنی سودەكانی باشترە خەیار و لیمۆ یاخود پرتەقاڵ بكرێتە ئاوەكەوە، ئەوەی گرنگیشە دووركەوتنەوەیە لە خواردنەوە گەزییەكان و شەربەت، ئەوەش بەهۆی بونی بڕێكی زۆر شەكر لە پێكهاتەكەیاندا.
2- خواردن بۆ ووزە: خۆراك زۆر گرنگە بۆ ووزەی جەستە و چالاكییەكانی مێشك هەروەها دژایەتیكردنی نەخۆشی، بەتایبەت برنج و مەعكەرۆنی و نان، بەو مەرجەی زیاد لە بڕی پێویست نەخورێن بۆ ئەوەی كێشی لەش زیاد نەكەن.
3- ئەو خۆراكانەی یارمەتی گەشە دەدەن: چەند خۆراكێك هەن بۆ گەشەی لەش زۆر گرنگن بە تایبەت بۆ منداڵان، ئەوانیش بریتین لە گۆشت و ماسی و هێلكەهەروەها شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەكانی دیكە بەتایبەت ماست و پەنیر.
لای خۆیەوە پرۆگرامی خۆراكی جیهانی جەخت دەكاتەوە لەسەر دووركەوتنەوە لە خواردنە لەقوتونراوەكان بەتایبەت گۆشت، بەوپێیەی بڕێكی زۆر چەوری و خوێ لە پێكهاتەكەیاندا هەیە.
4-خۆراكی پارێزگاری: مەبەست لەو خواردنانەیە كە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژە ئۆكسیدەكان، بەتایبەت میوە و سەوزە ڕەنگاوڕەنگەكان كە پارێزگاری لەش دەكەن لە نەخۆشی.
5- تەواوكەرە خۆراكییەكان: ئەمەیان بەپێی دۆخی كەسەكە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، ئایا تاچەند دۆخی كەیەكە پێویستی بە خواردنی ڤیتامین و كانزا و تەواوكەرە خۆراكییەكانی دیكە هەیە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی كوالیتی خۆراكیان زۆر بەرز نییە بەهۆی نەبونی ئاسایشی خۆراكەوە.
6- وەرزشكردن: ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی داوا دەكات ڕۆژانە 30 خولەك ڕاهێنانە وەرزشییەكان ئەنجام بدرێت بەتایبەت ڕاكردن، بەو مەرجەی ماوەی تەندروست لەنێوان كەسەكاندا هەبێت، ئەگەر كەسێكیش نەیتوانی لەماڵەوە بچێتە دەرەوە، باشترە لەڕێی تۆڕی ئینتەرنێتەوە سەیری ڕاهێنانەكانی ناو ماڵ و چەند جۆرێكی سەما و یۆگا ئەنجام بدرێت، لەگەڵ سەركەوتن و دابەزین بەسەر پلیكانەدا.
7- خۆراكە قەدەغەكان: ئەو خۆراكانەی بڕێكی زۆر شەكر و خوێ و چەوریان تێدایە، هەروەها خۆراكە دروستكراوە پیشەسازییەكان، ناچنە خانەی خۆراكە تەندروستەكانەوە، بۆیە لەم كاتەدا دەبێت بەهەموو شێوەیەك هەمووان لێی دووربن.
2948 جار خوێندراوەتەوە