لەكاتی نەبونی ئارایشتگاكاندا بەم حەوت ماددە سروشتییە قژتان ڕەنگ بكەن

KNN : Kurdish News Network
02:18 - 02/04/2020
هەمەڕەنگ
+
-

بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆتە هۆی داخستنی ئارایشتگاكان لەزۆرینەی وڵاتانی جیهان، ئەوەش كێشەی بۆ بەشێكی خانمان دروستكردووە بەتایبەت ئەوانەی فێری ڕەنگكردنی قژ و شاردنەوەی سپێتی بوون لە ئارایشتگاكاندا.

 

 
ڕەنگە تائێستا خانمان ئاگاداری ئەوە نەبن دەتوانرێت بە چەند پێكهاتە و گیراوەیەكی سوروشتی قژ ڕەنگ بكرێت و سپێتییەكەی بشرادرێتەوە، بەكارهێنانی ئەو گیراوانەش لەم كاتەدا زۆر گرنگە، تا ئەو كاتەی ژیان ئاسایی دەبێتەوە و ئارایشتگا و سەرنتەرەكانی جوانكاری دەكرێنەوە.

 

ئەو گیراوانە لە چەند ڕووەك و ماددەیەك دروست دەكرێن كە لەماڵی هەموواندا هەیە و كەسەكە پێویستی بە بەكارهێنانی بۆیە نابێت، هەروەها گیراوە سروشتییەكە هیچ زیانێك بە قژەكە ناگەیەنێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە بەهێزی دەكات و لە چەند كێشەیەك دەیپارێزێت.

 

دیارترین ئەو گیراوە و ماددانە بریتین لە:

1- قاوە: ئەوانەی قژیان قاوەی تۆخە دەتوانن دوو كەوچكی گەورە لە پاشماوەی ئەو قاوەیەی گرتویانەتەوە یاخود قاوەی ئامادەكراوی ئاسایی بهێنن، لەگەڵ كەوچكی گەورە كۆندیشنەر و كەمێك ئاو تێكەڵی بكەن و بیبەن لەتەواوی قژیان، دواتر بە كیسێكی پلاستیك دایپۆشن و بۆ ماوەی كاتژمێرێك زیاتر پێوە بمێنێتەوە.

 

ئەگەر چەند جارێك دووبارەی بكەنەوە، ڕەنگەكەی تۆختر و جوانتر دەردەكەوێت.

2- چای ڕەش: تایبەتمەندی دژە ئۆكسیدی تێدایە و ڕەنگێكی سروشتییە و لە كۆنەوە بۆ ڕەنگكردنی قژ بە ڕەش و قاوەیی بەكارهاتووە.

بۆ بەكارهێنانی ئەو ڕێگایە 200 گرام چا لە لیترێك ئاودا بۆ ماوەی 30 خولەك دەكوڵێنرێت و بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دادەنرێت پاشان دەپاڵێورێت، دوای شتنی قژ بە شامپۆ لێدەدرێت و بە قژەكەوە دەبێت بۆ ماوەی كاتژمێرێك و دواتر دەشۆرێت.

 

3-گوڵە بەیبون: بۆ قژی ڕەنگ كاڵ بەكاردەهێنرێت، بڕێك گوڵە بەیبون لەگەڵ گوڵی هەمیشە بەهار و كەمێك زەردەچەوە تێكەڵ دەكرێت و دوو كوپ ئاوی گەرمی تێدەكرێت و بۆ ماوەی 20 خولەك دادەنرێت، پاشان بۆ ماوەی 30 خولەك دەدرێت لە قژ.

 

4-  ڕۆزماری: توانایەكی بەهێزی هەیە بۆ شاردنەوەی تاڵە سپییەكان بەتایبەت بۆ ئەوانەی قژیان قاوەییە.
بۆ ئامادەكردنی چنگێك ڕۆزماری دەخرێتە لیترێك ئاوی گەرمەوە، دواتر بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لەسەر ئاگرێكی كز دادەنرێت، پاشان بۆ ماوەی سێ كاتژمێر بەجێدەهێڵدرێت، دواتر لەگەڵ تۆزی گڵی سەوز تێكەڵ دەكرێت بۆ ماوەی كاتژمێرێك دەدرێت لە قژ.

 

5- گیای مریەمی: كاریگەرییەكی زۆری هەیە لە شاردنەوەی قژی سپییەكاندا، 200 گرام لە گەڵای مریەمی دەكرێتە لیترێك ئاوی كوڵاوە، بۆ ماوەی 30 خولەك لەسەر ئاگرێكی كز دادەنرێت، پاش ساردبونەوەی بۆ ماوەی نیو كاتژمیێر دەدرێت  لە قژ.

 

6-شەربەتی چەوەندەر و گێزەر: بۆ ئەو كەسانە دەبێت كە قژیان ڕەنگی وەك مس وایە، شەربەتەكە دەدرێت لە قژ و بە كیسێكی پلاستیكی بۆ ماوەی كاتژمێرێك دادەپۆشرێت، دواتر كەمێك سەركەی سێو دەكرێتە تەشتێك ئاوەو قژەكەی پێدەشۆرێت.

 

7- لیمۆ و هەنگوین، بۆ قژی ڕەنگ كاڵ بەركادێت، هەروەها قژی قاوەی تۆخ و كەستانەی كاڵ دەكاتەوە، سودێكی زۆریشی بۆ پێستی سەر هەیە.

 

گیراوەكە لە هەنگوین و ئاوی لیمۆ ئامادە دەكرێت و بۆ ماوەی دوو كاتژمێر بە قژەكەوە دەمێنێتەوە، باشتریشە سێ بۆ چوار جار دووبارە بكرێتەوە تا ئەنجامێكی باش بدات بەدەستەوە.


چەند ڕێنماییەكی گرنگ:

-باشترە قاپی تەختە یان شوشە بۆ گیراوەكان بەكاربهێنرێت، چونكە قاپە پلاستییكییەكان لەگەڵ ڕەنگەكان كارلێك دەكەن ڕەنگەكە توشی ئۆكساندن دەبێت.

-داپۆشینی قژ بە نایلۆن ئەنجامێكی باشتر دەدات لە دەستەوە.

-ئەگەر گیراوەكان زیاتر لە جارێك بدرێن لە قژەكە بەشێوەیەكی جوانتر دەردەكەوێت.

-تێكەڵكردنی سركەی سێو لەگەڵ ئەو ئاوەی قژی پێدەشۆیت، دەبێتە هۆی جێگركردنی ڕەنگەكە لەسەر قژەكە و بریقەیەكی جوانی پێدەبەخشێت.

-باشترە دوای ئەوەی گیراوەكانی لێدەدرێت قژەكە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ نەشۆرێت تا ڕەنگەكەی لەسەر جێگیر دەبێت.

19747 جار خوێندراوەتەوە