بەكارهێنانی دەمامك بووە بە پێویستییەكی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی جیهان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا بڵاوە، لە چەندین شوێن بەهۆی داوكارییەوە قەیرانی دەمامك دروستبووە.
زوزانا كاپوتۆڤا سەرۆكی سلۆڤاكیا كە خانمێكی سەرنجڕاكێشی تەمەن 47 ساڵە، بڕیاریداوە پابەندی ڕێنماییەكانی بەكارهێنانی دەمامك بێت، بەڵام شتێكی جیاواز بەكاربهێنێت كە بەتایبەت دروستكرابێت و لەگەڵ ڕەنگی جلەكانی گونجاوبێت.
بڵاوبونەوەی وێنەكانی ئەو خانمە سەرۆكە بۆتە جێی سەرنجی میدیا ناوخۆی و جیهانییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردووە.
لە ئاهەنگی دیاریكردنی سەرۆكوەزیرانی نوێی سلۆڤاكیا، زۆرینەی ئامادەبووان بە سەرۆكوەزیرانیشەوە، دەمامكی پزیشكی تایبەتیان بەستبوو، بەڵام زوزانا دەمامكێكی بە ڕەنگ هەناری هاوشێوەی جلەكانی دەركەوت.
ئەو خانمە تەنها دەمامكەكانی جیاواز نییە، بەڵكو لەبری لەدەستكردنی دەستكێشی پزیشكی، جۆر و ڕەنگیی تایبەت بەپێی جلەكانی لەدەست دەكات.
زوزانا كاپوتۆڤا لەهەندێ كاتیشدا بە دەستكێش و دەمامكی پزیشكییەوە دەردەكەوێت بەتایبەت، ئەو كاتانەی جلی ڕەنگی تۆخ لەبەر بكات، بەهۆی كراوەی ڕەنگی دەمامكە پزیشكییەكانەوە بەشێوەیەكی جیاواز دەردەكەوێت.
ئەوانەی سەرۆكی سلۆڤاكیایان بینیوە بەو شێوەیە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەشێكیان پشتگیریان كردووە پێیان وایە خانمان دەبێت بەردەوام هەوڵ بدەن بە جوانترین شێوە خۆیان دەربخەن گونجاندن لەنێوان شتەكانیاندا هەبێت، بەشێكی دیكەش ڕەخنەیان گرتووەو پێیانوایە سەرۆك بۆ خۆدەرخستن بەناوبانگ بوونی زیاتر ئەو كارەی كردووە.
سلۆڤاكیا تائێستا زیاتر لە 360 حاڵەتی كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە كە سێ كەسیان چاكبونەتەوە، بەڵام هیچ كەسێك بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانی لەدەستنەداوە.
زوزانا كاپوتۆڤا ساڵی 1973 لەدایكبووە، وەك یاساناس و چالاكوانی سیاسی و ژینگەی كاریكردووە و لە ساڵی 2019 وەك یەكەم خانم بۆتە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
7512 جار خوێندراوەتەوە