ئایا ئاژەڵە ماڵییەکان توشی كۆرۆنات دەكەن؟

12:38 - 10/03/2020
تەندروستی

زۆرن ئەو كەسانەی سەگ و پشیلەی ماڵی بەخێو دەكەن و ڕۆژانە چاودێری و مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا دەكەن، لەئێستاشدا پرسیاری ئەوەیان لادروست بووە، كە ئایا لەڕێیانەوە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن یاخود نا.

 

لەڕاستیدا سەگ و پشیلەی ماڵی ناتوانن كۆرۆنا بۆ مرۆڤ بگوێزنەوە، بەڵام مرۆڤی توشبوو ڤایرۆسەكە بۆ ئەوان دەگوازێتەوە و بەڕێژەیەكی كەم توشی نەخۆشییەكەیان دەكات.

 

ئەم ئەنجامانە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵ و سامانی ماسی و پارێزگاری ئاژەڵان لە هۆنگ كۆنگ پشتڕاستكراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سەگێك لەڕۆژانی ڕابردوودا خرابووە كەرەنتینەوە و توشبونی بە بڕێكی كەمی ڤایرۆسەكە ئاشكرا كرابوو.

 

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتییەكە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندووە، "تائێستا هیچ بەڵگەیەك نییە كە دەریبخات ئاژەڵە ماڵییەكان سەرچاوەیەك دەبن بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەكە".

 

زاناكان ئاماژەیان بەوە كردووە، نەخۆشی (كۆڤید - 19) لەسەرەتادا لە شەمشەمەكوێرەدا دەركەوتووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ ئاژەڵی شیردەری بچوك، ئەویش گواستویەتییەوە بۆ مرۆڤ.

 

لای خۆیانەوە پسپۆڕانی كۆلێژی تەندروستی گشتی و پزیشكی ڤێتێرنەری لە هۆنگ كۆنگ و رێكخراوی جیهانی تەندروستی ئاژەڵان جەختیان لەوە كردۆتەوە، سەگ لە ئاستێكی نزمدا نەخۆشییەكەی هەیە، ئەوەشی لە مرۆڤێكی توشبووەوە بۆ گوزراوەتەوە.

1015 جار خوێندراوەتەوە