پارێزگارى هەولێر دڵنیایى لە جێگیرى بارى تەندروستى دوو
توشبوەکەى هەولێر بە ڤایرۆسى کۆرنا دەدات و داوا دەکات هاوڵاتیان هاوکارى زیاتریان
بکەن لە بەرەنگاربونەوەى ڤایرۆسەکە.
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ یەک شەممە لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى
پارێزگاى هەولێردا، فەرسەت سۆفى پارێزگاى هەولێر باسى لە رێکارەکانى روبەروبونەوەى
ڤایرۆسى کۆرۆنا کرد و رایگەیاند، هێشتا چەند هەنگاوێک ماوە بیگرینەبەر.
ئاماژەى بەوەش کرد، زۆرترین کەرەنتینە لەسنورى پارێزگاى
هەولێر ئامادەکراوە و هێزەکانى زێرەڤانى کەرەنتینەکان دەپارێزن.
وتیشى: "تائێستا دوو حاڵەتى توشبوو بە ڤایرۆسەکە لە سنورى پارێزگاى هەولێر تۆمارکراوە، یەکێک لە حاڵەتەکان
ئافرەتێک بووە کە نەخۆشى شێرپەنجەى هەبوە و بە مەبەستى چارەسەر سەردانى وڵاتى
ئێرانى کردوە".
پارێزگارى هەولێر راشیگەیاند، خۆدزینەوە لە کەرەنتین
گەورەترین بەربەستى بەردەممانە و ئەگەر خەڵک هاوکار نەبێت ئەستەمە بڵاوبونەوەى
ڤایرۆسەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
وتیشى: "پێشنیاز دەکەم هاوشێوەى عێڕاق ماوەیەکى
دیاریکراو بۆ گەڕانەوەى ئەو کەسانە دیاری بکرێت کە لە وڵاتى ئێرانن".
هاوکات داواى لە هاوڵاتیان کرد، هەر کەسێک لە وڵاتانى
دەرەوەى گەڕاوەتەوە پەیوەندیان پێوە بکەن بۆ ئەوەى پشکنینیا بۆ ئەنجام بدرێت.
891 جار خوێندراوەتەوە