مەسرور بارزانی بەبۆنەی ڕۆژی هەشتی مارس پەیامێکی بڵاوکردەوە

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 08/03/2020
کوردستان
+
-

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 8 ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی  و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە.



دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی جیھانی ئافرەتان:.

 
لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا پیرۆزبایی لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم. یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا .
ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی  و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە. بۆیە ئێمە تیکۆشانی ئافرەتانی کوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەکانی کوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەکسانیی کارکردن وبەشدارییان لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات دەکەینەوە.
داوا لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی  و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک وخاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی  و بەرپرسیارێتی هەموومانە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/8

1279 جار خوێندراوەتەوە