ئەو خوێندکارە ئێرانییەى کە وەکو یەکەم تووشبووى کۆرۆنا لە شارى نەجەف
تۆمارکرا، پەیامێک بڵاودەکاتەوە و نزاى سەلامەتى بۆ گەلى عێراق لە هەر دەرد و
بەڵایەک دەکات.
سوهەیل ئەمیرى ئەو خوێندکارە ئێرانییەى کە ئەمڕۆ لە شارى نەجەف دواى پشکنین
دەرکەوت هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایە و بەر لە داخستنى سنورەکان گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، لە
نوسینێکدا لە پێگەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵأیەتى تویتەر نوسیوێتى: سوپاس بۆ خودا بۆ
هەموو شتێک، بۆ نەخۆشى و تەندروستیمان، کە بە بەزەیى خۆى دروستیکردوین و تەندروستى
پێبەخشیوین و هەر خۆشى لێمان وەردەگرێتەوە.
لە بەشێکى ترى نوسینەکەیدا ئاماژەى بەوەکردوە، من کە ئێستا تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا
بووم، تەندروستى و چارەسەر و مەرگ و ژیان هەر بە دەست خودایە، بۆیە هیوا و نزاى
سەلامەتى بۆ گەلى عێراق کە ئێستا منیش لە نێویاندام دەخوازم، چونکە من لە شارەکەم
تارانەوە کۆچم کردوە بۆ شارى نەجەف بۆ خوێندان و گەڕان بە دواى زانستدا، بۆ
خزمەتکردنى حسێن ( سڵاوى خوداى لەسەر بێت) .
سوهەیل ئەمیرى راشیگەیاندوە: خودا دەزانێت کە لە رۆحى خۆم ناترسم، بەڵکو
خەمى گەلى عێراقى ئازیزمە، بۆیە هەموو نزاکانم بۆ ئەوەیە خودا عێراق لە هەر دەرد و
بەڵایەک بپارێزێت، بە تایبەت ئەم نەخۆشییە.
ئەوەش لەدواى ئەوەهات کە ئەمڕؤ فەرمانگەى تەندروستى نەجەف بڵاویکردەوە، تیمەکانیان لە چوارچێوەى هەڵمەتى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا سەردانى شوێنى مانەوەى خوێندکاران و گەشتیارانى ئێرانى کردوە بۆ پشکنین، لەوێ گومانیان لە خوێندکارێک کردوە کە بارى تەندروستى باش نەبووە و رەوانەى نەخۆشخانەیان کردوە، دواى پشکنین دەرکەوتووە کە هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایە.
لەلایەکى ترەوە ئێوارەى ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هاوڵاتیانى نەجەف خۆپیشاندانیان کرد و چوونە بەردەم فڕۆکەخانەى نەجەف و داوایانکرد گەشتەکانى بۆ ئێران رابگیرێت و رایانگەیاند، زانیارییەکانى حکومەت لەبارەى راگرتنى گەشتەکان راست نین.
28552 جار خوێندراوەتەوە