بەشیر حەداد: تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبونەوەی پەرلەمان دیاری نەکراوە

12:06 - 22/02/2020
عێراق

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رەتیکردەوە ڕۆژی دو شەممە پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ دەنگدان بە کابینەکەی عەلاوی.

 

بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕەتیکردەوە ڕۆژی دو شەممە پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ متمانەدان بە کابینەکەی محەمەد عەلاوی، ڕاشیگەیاند تا ئێستا بە فەرمی هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبونەوەیە.


وتیشی، دەنگدان بە کابینەی حکومەت چەند ڕێکارێکی پێویستە، لەوانە دەبێت 48 کاتژمێر پێش بەرێوەچونی کۆبونەوەکە بەرنامەی کار و سیڤی وەزیرەکان بێتە پەرلەمان و لەبەردەستی پەرلەمانتاران بێت، لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەو ڕێو شوێنانە نەگیراونەتەبەر کۆبونەکە ئەنجامنادرێت.

 

بەشیر حەداد ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر نیەتێک هەبیت بۆ پەراوێزخستنی کورد و سونە لە کابینە نوێکەدا، ئەوا ئەو دوو لایەنە دەنگی پێنادەن و ڕەزامەند نابن لەسەر ئەنجامدانی کۆبونەوەکە.

 

وتیشی ئەگەر هەر لایەنیک بەتەنیا بیەوێت، کۆبونەوە ئەنجامبدات بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێ، ئەوا ئەو حکومەتە شکستخواردو دەبێت و سەنگ و پێگەی نابێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.

 

سەبارەت بە ناوی کاندیدەکان، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان وتی، تا ئێستا عەلاوی ناوی هیچ وەزیرێکی ئاشکرا نەکردووە.






193 جار خوێندراوەتەوە