ئەو (200) هاوڵاتیەى لە ئێرانەوە لە رێگەى
مەرزى حاجى ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان و پشکنینیان بۆ دەکرێت، لە دوو
هۆتێلى ئەو قەزایەدا ماونەتەوە و هەر لە هۆتێلەکەشدا پشکنینەکانیان بۆ ئەنجام
دەدرێت.
د.کاروان جەمال حەمەد بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى
ئاشتى لە قەزى سۆران بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى
راگەیاند، ژمارەى ئەو گەشتیارانەى لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان، لە
دوو هۆتێلى قەزاى سۆراندا لە ژێر چاودێرى پزیشکیدا دەبن تا ماوەى (14) رۆژى
پشکنینەکانیان تەواو دەکەن.
وتیشى؛ ژمارەى گەشتیارەکان نزیکەى (200) کەس
دەبن و هیچ گومانێکى توشبونیان بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لێناکرێت و تەنها رۆژانە پشکنینیان
بۆ ئەنجام دەدرێت.
لەبارەى هۆکارى مانەوەى ئەو کەسانە لە هۆتێلدا،
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ئاشتى وتى: "ئەوانەى گومان لێکراوى هەڵگرى فایرۆسەکە
نین، تەنها بۆ پشکنین و دڵنیایى دەیانهێڵینەوە".
ئاماژەى بەوە کرد، سەردانیکردنى ئەو
گەشتیارانە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و رێگە پێدراو نییە، تا ماوەى (14)
رۆژەکەیان تەواو دەکەن.
دوێنێ هەینی، نزیکەى (200) هاولاتى هەرێمی كوردستان كە پێشتر گەشتی
ئێرانیان كردبوو، لە ڕێی خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.
702 جار خوێندراوەتەوە