ئێران و عێراق رێكەوتنێك لەسەر كوشتنی سولەیمانی لە دژی ئەمریكا ئیمزا دەكەن

02:26 - 16/02/2020
عێراق

هەردوو حكومەتی ئێران و عێراق رێكەوتنێكیان ئیمزا كرد بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و دادوەری لە دژی ئەمریكا سەبارەت بە كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس. 

 

 ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەك شەممە رێكەوتنێك لە نێوان لیژنەیەكی یاسایی و دادوەری عێراق لەگەڵ جێگری وەزیری دادی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ ئیمزا كراوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێن و بەدواداچوونی یاسایی سەبارەت بە كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەغبی لە لایەن ئەمریكاوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە رۆژی 3 كاتونی دووەمی رابردوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد. 

مەحمود عەباسی جێگری وەزیری دادی ئێران ئاشكراشیكردوە، بەپێی رێكەوتنەكە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان تاران و بەغداد پێكدەهێنرێت و پشتیوانی گەل و حكومەتی ئێرانیشی بۆ گەل و حكومەتی عێراق دەربڕیوە لە رووبەروو بوونەوەی گروپە تیرۆریستییەكانی وەكو داعش. 

عەباسی ئاماژەی بەوەشكردوە، كوشتنی سولەیمانی و موهەندیس لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە هەڵەیەكی كوشندە بووە، بە تایبەت لە كاتێكدا سولەیمانی میوان بووە لە دەوڵەتێكی وەكو عێراق كە خاوەنی سەروەری تایبەت بە خۆیەتی. 

راشیگەیاندوە، ئێران و عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كارەكەن بۆ كەیسی كوشتنی سولەیمانی و موهەندیس و پێشنیازی دروستكردنی سەنتەرێكی دادوەری و نێوەندگیریشی لە نێوان هەردوو وڵات كرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەكان و  چارەسەرەكردنی ناكۆكییەكانی نێوان بازرگانانی هەردوو وڵات. 

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی عێراق سەبارەت بە سەردانەكەیان بۆ ئێران بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاندوە، دەكرێت لە رێگەی دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجومەنی ئاسایشەوە رێوشوێن لە دژی ئەمریكا بگرنەبەر، چونكە كوشتنی سولەیمانی و موهەندیس تاوانە. 

هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاندوە، لە رێگەی داواكاری گشتی تارانەوە دۆسێیەك لە دژی كوشتنی سولەیمانی دەكەنەوە و سكاڵا تۆمار دەكەن. 

2024 جار خوێندراوەتەوە