دادگای سلێمانى دۆسیەیەکى دەیان ملیار دینارى داخست

01:27 - 13/02/2020
کوردستان

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت، دوای پێنج ساڵ لە بەدواداچون بۆ بردنی دەیان ملیار دیناری سلێمانی و پێشکەشکردنى دەیان بەڵگەنامە بە دادگاى سلێمانى، بەڵام دۆسیەکە داخراوە.

 

 عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان ئاشکراى دەکات، دوای پێنج ساڵ لە بەدواداچون بۆ بردنی دەیان ملیار دیناری سلێمانی و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە بە پشتبەشتن بە راپۆرتی چاودێری دارایی، ھەمو بەڵگەکانمان کۆکردەوە دامان بە دادگا کە ئەوکات کاک سەردار قادر بە وەکالەت پارێزگار بو بە راپۆرتێکی تەواو ئەم راستیانەی سەلماند، بەڵام بەداخەوە لەبری کارکردن و خەمخۆری دادگای سلێمانی بۆ ئەم شارە، دۆسیەکە داخرا.

 

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ بیانووى داخستنى دۆسیەکەش لەلایەن دادگاوە ئەوەیە، کە پارەکە بە رەسید ماوە، بەڵام بە کاش نەماوە.

 

دەشڵێت: " کۆی ئەو پارەیەی کە تەرخانکرابو لە بانکی ئاشتی دانرابو، لە کاتێکدا ئەو پارەیە بە کاش چوەتە بانک، ئەی بۆ ھی ھەولێر پارەکە بە کاش بوە و کراوە بە پڕۆژە کە (106%)ى لە پەرەپێدان خەرجکراوە، بەڵام ئەوەی بۆ پەرەپێدانی سلێمانی تەرخانکراوە (52%)ی خەرجکراوە و لەو رێژەیەش کە گوایە تەمویل کراوە (54)  ملیار دیناری تەمویل کراوە ھەر خەرج نەکراوە".

 

عەلى حەمە ساڵح رایدەگەیەنێت، سێ دۆسیەی گەندەڵی سەلمێنراومان بەبەڵگەوە خستوەتەڕو، بەڵام داداگا دۆسیەکەى داخست کە بریتین لە (داخستنی دۆسیەی ئاشتی ھەورامی و خێزانی لەسەر کارگەی قیری زیپۆ، داخستنی بردنی پارەی پرۆژەکانی سلێمانی راپۆرتی چاودێری دارایی لەگەڵ بو،  دۆسیەی بەکارھێنانی لێبوردنی گشتی بۆ رەشید تاھیر بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی).

 

ئەوەش دەخاتەڕوو؛ خەڵکێک چەند ساڵێک لەسەر دزینی بتڵێک غاز یان دو کۆتر زیندانی دەکرێت، کێ دەتوانێت حوکمی دادگام بۆ بەرپرسێکی گەندەڵ پێ بڵێ.

 

 

 

 

 

 

1056 جار خوێندراوەتەوە