نەتەوە یەكگرتووەكان: لە عێراق پێشێلكاری ترسناك تا ئاستی كوشتن لەبەرامبەر منداڵان كراوە

KNN : Kurdish News Network
10:22 - 04/02/2020
عێراق
+
-

نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایدەكات، سەرجەم هێزە عێراقییەكان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیششەوە دەستدرێژی و پێشێلكاری ترسناكیان تا ئاستی كوشتن لە بەرامبەر منداڵان بەكارهێناوە. 

 

 بەپێی راپۆرتێك كە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاراستەی ئەنجومەنی ئاساسشی نێودەوڵەتی كردوە، لەسەر هەموویانەوە داعش، دواتریش ضةكدارانى حةشدى شةعبى و سوثاى عيَراق و هيَزةكانى ثؤليس و هێزەكانی پێشمەرگە و یەكینەكانی پاراستنی گەل و هێزە ئێزدییەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، پێشێلكارییان لەبەرامبەر منداڵان كردوە و دەستدرێژییان كردووەتە سەریان. 

 

 

راپۆرتەكە كە لە ماوەی 1 تەموزی 2015 تاكو 31 تەموزی 2019 تۆماركراوە، دەریخشتووە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا 2 هەزار و 114 منداڵ رووبەرووی هێرش و پێشێلكاری بوونەتەوە، لەوانەش كوشتن و لێدان و شێواندنی روخسار و دەستدرێژی سێكسی. 

 

لە راپۆرتەكەدا ئەوەش ئاشكرا كراوە، ئەم ژمارانە بەشێكن لە كۆی رووداوە هاوشێوەكانیان، چونكە ئەم ئامارە تەنها ئەو رووداوانەی تۆماركردوە كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە یان بەدواداچوونیان بۆ كراوە و لێیان دڵنیابوونەتەوە. 

 

سەبارەت بەو بابەتە، لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن، جەلال حەسەن شارەزای بواری سەربازی، ڕایگەیاند، زۆرجار چەندین رێکخراو هەن راپۆرت لەسەر مافەکانی مرۆڤ بلاودەکەنەوە و بەڵام مەرج نییە زانیارییەکانی ناو راپۆرتەکان ڕاست بێت چونکە زۆرجار زیادەڕۆیی تێدا دەکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان راست بێت، ئەو بابەتە تاکەکەسییە و پەیوەندی بە دام و دەزگا سەربازییەکانەوە نییە.

 

هەر بەپێی راپۆرتەكە داعش بەرپرسیارێتی یەكەمی لەو تاوانەكان بەركەوتووە، بەجۆرێك كە هەزار و 772 منداڵ لەسەر دەستی چەكدارەكانی رووبەرووی لێدان و شێواندن بوونەتەوە، 206 منداڵ كراون بە چەكدار و 86 منداڵیش بێسەروشوێن بوون، 10 منداڵیش دەستدرێژی سێكسییان كراوەتەسەر. 

 

 

هاوكات هێزەكانی تر وەكو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان بەرپرسن لە كوژران و لێدانی 142 منداڵ، هێزەكانی پێشمەرگە بەرپرسە لە كوژران و لێدانی 34 منداڵ. هێزەكانی توركیا 2 منداڵ و لە كۆی رووداوەكانی دیكەی وەكو شەڕو تەقینەوەشدا 162 منداڵ كوژراون. 

 

 

راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان تەئكیدی لەسەر كردوەتەوە كە داعش 151 منداڵی كردوە بە چەكدار كە هەشتیان كچ بوون و بەشدارییان لە شەڕ و كردەی خۆكوژیدا پێكراوە. 

 

 

یەكینەكانی پاراستنی گەلیش 19 منداڵیان كردوە بە چەكدار، هێزە ئێزدییەكان 5 منداڵیان كردوە بە چەكدار و هێزەكانی پێشمەرگەش یەك منداڵ. 

643 جار خوێندراوەتەوە