لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی عێراقدا لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا شەش كەس كوژران كە دووانیان پۆلیس بوون.
میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە، لە ئەنجامی شەڕو پێكدادانی ناوبەناوی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی شاری بەغداد سێ كەس كوژراون، كە دووانیان بە گولە لە گۆڕەپانی تەیەران و ئەو تریشیان لە ئەنجامی بەركەوتنی بە گازی فرمێسك رێژ كوژراوە.
میدیاكان بڵاویشیانكردوەتەوە، خۆپیشاندەری چوارەم لە شاری كەربەلا لەلایەن پۆلیسەوە كوژراوە.
لە شاری بەسرەش ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی دوو كارمەندی پۆلیسی لە كاتی خۆپیشاندانەكانی ئەو شارەدا شێلاوە، لەو كاتەی هەوڵیداوە لە شوێنی پێكدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دوور بكەوێتەوە و لە ئەنجامدا گیانیان لە دەستداوە.
لەلایەكی ترەوە پۆلیسی بەغداد بڵاویكردەوە، هێزەكانیان توانیویانە سەرجەم ئەو رێگایانە بكەنەوە كە دوێنێ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرابوون، ئەوە جگە لەوەی كە 15 ئەفسەریش بە بەرد لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە برینداركراون.
734 جار خوێندراوەتەوە