راهێنەری پێشووی یانەی
بەرشەلۆنە، دوای لابردنی لە پۆستەکەی، نامەیەکی "کاریگەری" ماڵئاوایی ئاڕاستەی یاریزان،
ئیدارە و هاندەرانی یانەکە کرد.
ڤاڵڤێردی لە نامەکەیدا کە
پێگەی فەرمی بەرشەلۆنە بڵاویکردووەتە دەڵێت، " رۆڵی من وەک راهێنەری
بەرشەلۆنە کۆتایی هات، چەندین ساتی خۆشم لەگەڵ یانەکەدا بەسەربرد، ئاهەنگی
سەرکەوتن و بەدەستهێنانی چەندین نازناومان گێڕا، لەگەڵ ئەوەشدا کاتی سەختمان
بەڕێکرد، پێش هەموو شتێک، دەمەوێت ئاماژە بە خۆشەویستیی و رێزی هاندەرانی یانەکە
بکەم، لەو ماوەیەی من راهێنەر بووم."
ڤاڵڤێردی سوپاسی سەرۆکی
یانەی بەرشەلۆنە دەکات و دەنووسێت، "دەمەوێت سوپاسی جۆسێپ ماریا بارتومیۆ و ئیدارەی
یانەکە بکەم، کە هەلی سەرکردایەتیکردنی یانەکەیان پێبەخشیم و بە درێژایی ماوەی
راهێنەریم متمانەیەن پێدام."
لەدرێژەی پەیامەکەیدا
باس لەوە دەکات، " سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا
هاوکارم بوون، بەتایبەت ئەوانەی لە تیپی یەکەمی یانەکەدا کاردەکەن، کە کاتی
راهێنان و گەشتم لەگەڵدا بەسەر بردن."
راهێنەری پێشووی
بەرشەلۆنە سوپاسی یاریزانەکان دەکات، " دەمەوێت سوپاسی یاریزانەکان بکەم بۆ
هەموو ئەو هەوڵەی پێشکەشیان کرد و توانیمان پێکەوە چوار نازناو بەدەستبهێنین."
لە کۆتایی نامەکەشیدا
ڤاڵڤێردی هیوای سەرکەوتن بۆ یانەکەی پێشووی دەخوازێت، "لە ئێستاوە، هیوای
سەرکەوتن بۆ ئێوە و راهێنەری نوێ کیکی سیتین دەخوازم، بژی بەرشەلۆنە، بژی
کەتەلۆنیا."
ڤاڵڤێردی لە ساڵی
٢٠١٧ەوە راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بوو، سەرکردایەتی یانەکەشی کرد بۆ بەدەستهێنانی
دوو نازناوی خولی ئیسپانیا، جامی ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا.
1362 جار خوێندراوەتەوە