عادل عەبدولمەهدی هەڕەشە دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:38 - 09/11/2019
عێراق
+
-

سەرۆكوەزیرانی عێراق، داوا لە خۆپیشاندەران دەکات پارێزگاری لە خۆپیشاندانی ئاشتانییە بكەن و راشیدەگەیەنێت هەر كەسێك سەرپێچی كردووە سزای توندی بەسەردا دەسەپێندرێت كە دەگاتە زیندانیكردنی هەتاهەتایی.

نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، " روونە كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا، كردەی تاوانكاری و تیرۆریستی بە ئامانجی شكاندنی شكۆ و لاوازكردنی توانای دەوڵەت لەگەڵ تێكدانی ئاسایشی گەلی عێراق، ئەنجامدراون ".

راشیگەیاندووە"سزای تاوانی هەرشەكردن لە هاوڵاتییانی بێتاوان و هێزە ئەمنییەكان، زانیكردنی حەوت ساڵە".

بەپێی راگەیەندراوەكە، "هەر كەسێك تاوانی هێرشكردن و توندوتیژی بۆسەر هاوڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان ئەنجامبدات، سزای یەك ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا دەسەپێندرێت، هەروەها سزای تاوانی رێگریكردنیش لە فەرمانبەران لە چوونە سەر كارەكانیان، زیندانیكردنی سێ ساڵە".

جەختیشیکردووەتەوە، "سزای سووتاندنی ماڵی هاووڵاتییان و دامەزراوە فەرمییەكان، زیندانیكردنی هەتاهەتاییە".

ئاماژەی بەوەشكردووە كە هەر كەسێك هانی وێرانكردن بدات و زیان بگەیەنێت بە بەرژەوەندییەكانی حكومەت و دامەزراوە گشتییەكان، ئەوا سزای ٢٠ ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەردەكرێت.

لە راگەیەندراوەكەدا داوا لە خۆپیشاندەران كراوە كە پابەندبن بە خۆپیشاندانی ئاشتییانە و خۆیان بەدوور بگرن لەو كردەوانە كە لە یاسای عێراقدا بە تاوان هەژماركراون.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكە هەروەها داوا لە خۆپیشاندەران كراوە هاوكاربن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە هەوڵ دەدەن رەوشەكە تێكبدەن و خۆپیشاندانەكانیش بە ئاراستەیەكی دیكەدابەرن.

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بووەتەوە، شەپۆلی یەكەمی خۆپیشاندانەكان لە یەكی تشرینی یەكەمی رابردوودا دەستیپێكرد و ماوەی ھەفتەیەك بەردەوام بوو، شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەكانیش لە ٢٥ی ھەمان مانگ دەستیانپێكردەوە و بە بەردەوامی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكاندا روودەدات.

سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوزارییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كاریان دەكرد، بەڵام لەئێستادا، داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەھدی دەكەن.

8119 جار خوێندراوەتەوە