عەدنان فەیحان: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین عێراق ببێتە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران

KNN : Kurdish News Network
12:47 - 26/09/2026
عێراق
+
-

عەدنان فەیحان دلێمی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت؛ بڕیاری جێبەجێکردنی قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بڕیارێکی پەلە و نادەستوورییە، هۆشداریش دەدات ئەگەر حکومەت لەو بڕیارە پاشگەز نەبێتەوە، پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام دەدات.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، عەدنان فەیحان ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق و ئێران پەیوەندییەکی جوگرافی، ئایینی و کۆمەڵایەتیی بەهێزیان هەیە و ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی هاوبەش دەبنەوە، بۆیە وەستان لە پاڵ ئەو وڵاتەدا ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقییە. باسی لەوەشکردووە، لە کاتی سەرهەڵدانی داعشدا، ئێران یەکەم وڵات بوو چەک و ڕاوێژکاری ناردە عێراق، لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە تەنها تەماشاکار بوون یان پشتگیری داعشیان دەکرد، هاوکات ئەو وڵاتە غازی سروشتی بۆ عێراق دابین دەکات، سەرەڕای ئەوەی عێراق ملیاران دۆلار قەرزاریەتی.

 

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بڕیارەکەی بە پێشێلکاری بۆ ماددەی هەشتی دەستووری عێراق ناوبردووە و پێی وایە سزاکانی ئەمریکا ئیلزامێکی نێودەوڵەتی نین تاوەکو عێراق پێیەوە پابەند بێت، بەڵکو دەبێت پاساوێکی یاسایی عێراقی یان پابەندییەکی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ گرتنەبەری ڕێکاری لەو شێوەیە دژی ئێران.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەیحان پرسیار ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکات لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی کەرتی گەشتیاریی ئایینی و ئەو زیانە ئابوورییانەی بەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و هۆتێلەکان دەکەون بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکانەوە لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف. هەروەها هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئێران وەک کاردانەوەیەک هەناردەی غاز ڕابگرێت، ئەوا سیستەمی کارەبای عێراق دادەڕمێت و لەسەدا 30 بۆ 40ی توانای بەرهەمهێنان لەدەست دەدات و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان پەککاریان تێدەکەوێت.

 

لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە کە پەرلەمان ئامادەیە بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی و ڕێکاری چاودێری توند دەگرێتەبەر بەرامبەر لایەنە سەرپێچیکارەکان، چونکە بڕیاری عێراق دەبێت نیشتمانی و سەربەخۆ بێت و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن عێراق ببێتە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

107 جار خوێندراوەتەوە