ئەردۆغان، دووبارە باسی نامەکەی ترەمپ دەکات و لێدوانی نوێی لەسەر دەدات.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە کاتی سەردانی ئەمریکادا نامەکەی ترەمپ لەگەڵ خۆیدا دەباتەوە.
روونیشیکردەوە، رۆژی 13ی مانگ، کە سەردانی ئەمریکای کرد، نامەکە دەداتەوە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
بردنەوەی نامەکەی ترەمپ لە کاتێکدا، ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەردۆغان نامەکەی ترەمپی فڕێداوەتە تەنەکەی خۆڵەوە.
ئەمەش لە کاتێکدا، لە ماوەی رابردوودا، دەقی نامەیەکی ترەمپ بۆ ئەردۆغان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نۆی مانگی رابردوو، بڵاوکرایەوە و لە نامەکەدا سەرۆکی ئەمریکا داوای رێککەوتن لە هاوتا تورکییەکەی دەکات و پێی دەڵیت، "پیاوێکی رەق مەبە و کەسێکی گەمژە مەبە!."
هاوکات، لە نامەکەی ترەمپدا هاتووە، "با رێککەوتنێکی باش بکەین، تۆ ناتەوێت کوشتاری هەزاران خەڵک لە ئەستۆبگریت و منیش نامەوێت تێکشکاندنی ئابووری تورکیا لە ئەستۆبگرم - خۆشت دەزانیت دەتوانم و پێشتریش نموونەیەکی بچوکی لەو شێوەم پێپیشانداویت بە هۆی کەیسی قەشە برۆنسن."
ترەمپ ئەوەشی نوسیوە، "من سەرسەختانە کارمکردوە بۆ ئەوەی هەندێک لە کێشەکانت چارەسەر بکەم، کارێک مەکە دنیا شەرمەزار بکەیت، تۆ دەتوانیت رێککەوتنێکی گەورە بکەیت. ژەنەڕاڵ مەزڵوم ئامادەیە گفتوگۆت لەگەڵ بکات و ئامادەشە سازشگەلێک بکات کە هەرگیز لە رابردوودا ئامادە نەبوو بیکات. من نامەیەکی پارێزراوی ئەوم لێرەدا هاوپێچ کردووە کە هەر ئێستا بە دەستم گەیشت."
لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە، "مێژوو بە باشی ناوت دەهێنێت گەر بێتو ئەم رێککەتنە بە شێوازێکی دروست و مرۆییانە ئەنجامبدەیت، بەڵام مێژوو وەکو شەیتانیش باست لێوە دەکات گەر شتی باش روونەدەن. پیاوێکی رەق مەبە و کەسێکی گەمژە مەبە!."
9154 جار خوێندراوەتەوە