کلیپە نوێیەکەی سیلینا گۆمێز بە کامێرای Iphone 11 Pro تۆمارکراوە

06:38 - 24/10/2019
هەمەڕەنگ


کۆمپانیای ئەپڵ ڤیدیۆی گۆرانییە نوێیەکەی گۆرانیبێژی بەناوبانگ ( سیلینا گۆمێز)، لە کەناڵی فەرمی خۆی لە یۆتیوب بڵاوکردەوە و شانازی دەکات کە کاری تۆمارکردنی کلیپەکە، بە کامێرای مۆبایلی Iphone 11 Pro تۆمارکراوە.

ماوەی چوار ساڵە هەوادارانی گۆرانیبێژی ئەمریکی (Selena Gomez) بە پەرۆشەوەن بۆ ئەلبومە نوێیەکەی ئەو گۆرانیبێژە، لەدوای دوایین ئەلبومی بەناوی Revival لە ساڵی ٢٠١٥ دا.

ئەو گۆرانیبێژە دوێنێ یەکێک لە گۆرانیەکانی ئەلبومە نوێیەکەی بڵاوکردەوە بە ناوی (Lose You To Love Me)، کە تەواوی کلیپی گۆرانیەکەی بە کامێرای مۆبایلی iPhone 11 Pro تۆمارکراوە، هەروەها تا ئێستا ناوی ئەلبومی گۆرانیەکانی ئاشکرا نەکردووە.

ڕوون نییە پێداویستییەکانی تۆمارکردنی ڤیدۆیی وەکو ڕووناکی دەستکرد و ڕاگری مۆبایل و یاخود هەرشتێکی دیکە بۆ پڕۆسەی تۆمارکردنی کلیپەکە بەکارهاتبێت، بەڵام  ڕوونە کە ئەپە پڕۆفیشناڵەکانی وەک FilMic Pro و چەند ئەپێکی دیکە بۆ تۆمارکردنەکە بەکارهاتوون و بە بێ بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئەپانە ئەستەمە بە کامێرای ئاسایی ئەو جۆرە کلیپە تۆماربکرێت.

هەروەها دوێنێ ئەپڵ لە کەناڵی فەرمی خۆی لە یوتیوب گۆرانیەکەی بڵاوکردووەتەوەو وا دیارە شانازی دەکات کە ئەو کلیپە بە کامێرای مۆبایلی ئەپڵ تۆمارکراوە، جگە لەوەش پاڵپشتی گۆرانییەکە دەکات و بەردەوام لە ئەپەکانی iTune و Apple Music نیشانی دەدات.

 

1292 جار خوێندراوەتەوە