سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "دەچمە
ناو خۆپیشاندەران و گوێیان لێدەگرم و بە هیچ شێوەیەک نابێت تەقە لە خۆپیشاندەران
بکرێت"
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسدا رایگەیاند، "رێنماییەکانی مەرجەعییەت جێبەجێدەکەین و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان پابەندن
بە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتییان و نابێت بە هیچ شێوەیەک تەقە لە خۆپیشاندەران
بکرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد، دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ
خۆپیشاندەران کردووەتەوە و دەچێتە ناو خۆپیشاندەران و گوێیان لێدەگرێت.
روونیشیکردەوە، چاکسازییە راستەقینەکان پێشکەشی
پەرلەمان دەکەن و حکومەت جدییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی تاوەکو ئێستا هەزار
فەرمانبەریان لەسەر گەندەڵی دوورخراونەتەوە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژ بە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشوری عێراقی گرتەوە و تاوەکو ئێستە بەردەوامە، لە خۆپیشاندانەکاندا ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدا و بە هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ كەس كوژراون.
1137 جار خوێندراوەتەوە